ئاب 02, 2022 22:03 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی چین بەرامبەر بە سەردانەکەی نانسی پلۆسی بۆ تایوان

وەزارەتی دەرەوەی چین بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کاردانەوەی بەرامبەر بە سەردانی "نانسی پێلۆسی" بۆ دوورگەی تایوان نیشان دا.

 لە درێژەی گرژییەکانی واشنتۆن دژی پەکین، فڕۆکەکەی هەڵگری نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بە پێشێلکردنی سیاسەتی " چینی یەکپارچە" گەیشتە دوورگەی تایوان.

 بە گوێرەی کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕاشا تودەی، لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین دا هاتووە: گەشتەکەی "نانسی پیلۆسی" بۆ تایوان بە هەڵخڕاندنی سیاسی گەورە دادەنرێت و پەکین دژایەتییەکی ڕوونی خۆی لەگەڵیدا ڕادەگەیەنێت.

 پەکین وێڕای ئیدانەکردنی سەرپێچیکردنی بە ئەنقەستی ئەمریکا بۆ بنەمای " چینی یەکپارچە"، ڕایگەیاند کە ئەمریکییەکان لە پێوەندی لەگەڵ پرسی تایوان یاری بە ئاگر دەکەن.

هەروەها پەکین ئەمریکای بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاشتی جیهانی زانی.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی سەردانەکەی پێلۆسی بۆ تایوان هاتووە : هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی حکومەتی چین، دەرئەنجامەکانیش لە ئەستۆی ئەمریکا و تایپە دەبێت.

سەرپەیڤ