چین پێشوازی لە پێشهاتە ئەرێنییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان و سوریا دەکات
چین کە لەم دواییانەدا دەستی کردووە بە ڕۆڵی بەرچاو لە کەمکردنەوەی ناکۆکی و پتەوکردنی سەقامگیری لە ڕۆژئاوای ئاسیا، پێشوازیی لە پێشهاتە ئەرێنییەکانی ئەم دواییەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان و سوریاش کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ئیرنا، خاتوو «مائۆ نینگ» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی پاڵپشتیی بەهێزکرانی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا و سەربەخۆیی ستراتیژیی وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەکات بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە.
ئەم لێدوانانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دوای ئەوە هات کە عەرەبستان و سوریا دوای پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ، لەم دواییانەدا ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی باڵوێزخانەکانی هەردووک وڵات لە پایتەختەکانی یەکتر.
مانگی ڕابردوو بە نێوەندگیریی چین و دوای چەند خولێکی دانوستانی نێوان ئێران و عەرەبستان لە وڵاتانی عێراق و عوممان، تاران و ڕیاز دوای حەوت ساڵ گەییشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان.
حکومەتی چین ڕایگەیاندووە کە پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەو ئەم وڵاتە کار بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان لەم ناوچەیەش دەکات.