بەردەوامیی پشتیوانی لە خەڵکی غەززە لە دەیەمین هەفتەی لەسەریەک لە دەسپێکی شەڕی غەززەوە
لایەنگرانی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین لە بەرلین، بۆ دەیەمین هەفتەی لەسەریەک لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، بەشدارییان کرد لە ڕێپێوانێک و جەنایەتەکانی ئیسراییلیان شەرمەزار کرد.
سەدان کەس لە بەرلین بە دروشمی: "ئیسراییل بۆردومان دەکات؛ ئەڵمان پشتیوانی دەکات"؛ "بژی غەززە و فەلەستین" و "ژینۆساید ڕاگرن"، خوازیاری هەوڵ و تەقەلای کۆڕە نێودەوڵەتییەکان بوون بۆ دامەزراندنی ئاگربڕێکی دەستبەجێ و ڕاگرتنی ژینۆساید لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستیندا. بەشداربووان جارێکی دیکە پەرەسەندنی جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی، ڤیتۆ کرانی بڕیارنامەی ئاگربڕ لە ئەنجومەنی ئاسایش لە لایەن ئەمریکاوە و پشتیوانی سەربازیی ئەڵمان لەم ڕژێمەیان ئیدانە کرد و هاوخەمی و یکدەنگیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی فەلەستین دەربڕی. پزیشکان و فەرمانبەرانی بەشی چاودێریی تەندروستیی بەریتانیا لە لەندەن خۆپیشاندانیان کرد و خوازیاری دامەزرانی خێرای ئاگربڕ لە غەززە و کۆتایی هێنانی پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی حکومەتی بەریتانیا لە ڕژێمی ئیسراییل بوون.
خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی ئاڵای فەلەستین، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی بۆردومان و تۆپبارانەکان، بەتایبەت بۆردومانی نەخۆشخانەکان و ناوەندە پزیشکییەکانیان کرد و بەردەوام بوونی کوشتنی فەلەستینییەکان و پشتیوانیی حکومەتانی ڕۆژاوایی لەو کوشتارەیان شەرمەزار کرد.