قەیرانی سیاسەتی ناوخۆ سەرۆکایەتیی ماکرۆن لە لێواری مەرگ نزیک دەکاتەوە
سەرۆکی فەرەنسا لەژێر گوشارێکی گەورەدایە، بەتایبەت لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەو چەقبەستنە سیاسییەی رووبەڕووی وڵاتەکەی بووەتەوە.
ماکرۆن، کە لە ساڵی 2017وە سەرۆکە، دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەباستیان لێکۆرنو، حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی سەردەمی سەرۆکایەتیی ماکرۆن رۆژی دووشەممەی رابردوو، دەستی لەکارکێشایەوە و بەمەش فەرەنسای جارێکی دیکە رووبەڕووی خراپترین قەیرانی سیاسی ناوخۆیی بەدرێژایی سەرۆکایەتیی ماکرۆن کردەوە. سەرۆکی فەرەنسا، تا ئێوارەی ئەمڕۆ مۆڵەتی داوەتە لێکۆرنو، تاوەکو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت، بگەنە سازانێک بۆ بەردەامیی کابینەکەی، بەڵام دڵنیا نییە، ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو دەبن یان نا. ئەگەر ئەمە سەرکەوتوو نەبوو، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە ماکرۆن پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە رابگەیێنێت، بەو هیوایەی هاوپەیمانێتییەکی نوێ پێکبهێنێت بۆ حکومەتی داهاتوو.