سێبەری گزیکاریی و گەندەڵیی لەسەر یەکێتی ئوروپا؛ "باخێک" کە بوو بە "دارستان"
بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەوە یەکێتی ئوروپا، پێشتر ئوروپای بە باخێکی ئارام شوبهاندبوو کە تێیدا یاسا سەروەرە بەڵام دەسگیرکرانی دوو بەرپرسی باڵای ئەو یەکێتییە پەیوەست بە دۆسییەی ناسراو بە ڕیسوایی لێکۆڵینەوەکانی کۆلێژی ئوروپا و پێش ئەوە، دۆسییەی "قەتەر گەیت" پێشاندەری ئەوەیە کە ئەو باخە، بووە بە دارستانێکی تەنراو بە گەندەڵی و ڕانت.
جۆزێف بۆرێل لە١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە وتاردانێک لە ڕێوڕەسمی خرانەگەڕی"ئاکادێمیای دیپلۆماتیک" لە بەلژیک ئیدیعای کرد: ئوروپا باخێکە بەڵام گشت ناوچەکانی جیهان، دارستانێکن و دارستانیش دەتوانێ هێرش بکاتەسەر باخ. ئەو قسانە بەرەوڕووی رەخنەو گازندەی توند بوونەوەو بۆرێل ناچاربوو داوای لێبوردن بکا. لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەقاودرانی دۆسییەی تازەی گەندەڵیی بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئوروپا پیشانی دا کە بەپێچەوانەی ئیدیعای بۆرێل، ئوروپا باشترین نموونەو سەرچەشنی ئازادیی سیاسی و هەروەها باشترین ناوەندی ئاسوودەیی ئابووری و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتیی چێکراوی دەستی مرۆڤ نیە. لێکۆڵینەوە لەبارەی گەندەڵیی لە یەکێتی ئوروپا دوای هێرشی پۆلیس بۆسەر دڵی یەکێتی ئوروپاو دەسبەسەرکرانی دوو کاربەدەستی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەیی ئەو یەکێتییە واتە فدریکا مۆگرینی و ستێفانۆ سانینۆ دوو ئەندامی کۆمیسیۆنی ئوروپا، دەسپێبوو. مۆگرینی بەتۆمەتی ڕێککەوتنی ژێربەژێرلەگەندەڵیی دراڤیدا دەسگیرکراو سانینۆش بەتۆمەتی گەندەڵیی دراڤی لە یەکێک لە پرۆژەکانی یەکێتی ئوروپا تۆمەتبارە. تۆمەت پاڵدرانەکانی ئەم دواییە دژی بەرپرسانی باڵای ئوروپا لە کاتێکدا هاتووەتە ئاراوە کە بەرلەوە، ریسوایی قەتەرگەیت ببوو بە جیددیترین و ترسناکترین ریسوایی یەکێتی ئوروپا لە ساڵانی ڕابردوودا. لە دۆسییەی قەتەرگەیت، بڕەپارەیەکی زۆر و خەڵات ودیاریی بەرچاو لەلایەن قەتەر و مەراکشەوە بەشێوەی نایاسایی دراوە بە نوێنەرانی ئوروپایی هەتا کاریگەر بێ لەسەر بڕیاردانەکانی پەرلەمانی ئوروپا بەقازانجی ئەو دوو وڵاتە. هاوپێوەند بە دۆسییەی قەتەرگەیتیش چەند بەرپرسی باڵای ئوروپا، دەسگیر کران. بەقسەی شارەزایان، لەقاودرانی دۆسییەی گەندەڵیی کاربەدەستانی ئوروپا، بەشێوەیەکی بەرچاو جێگەوشوێنی یەکێتی ئوروپای لاواز کردووە.