سوپای رووسیا چوار دامەزراوەی وزە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیای تێکشکاند
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا رایگەیاند، چوار دامەزراوەی وزە تێکشکێندرا کە لەلایەن بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی ئودسا، کەڵکیان لێوەردەگیرا.
رووسیا هەروەها رایگەیاند، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی درۆن، چوار تانکەری سووتەمەنی و کۆگای چەکەمەنی و کەرەستەی سەربازی لە "ئودسا"ی بەئامانج گرت و ناوەندێکی لۆجستیکی لە گردووپەڕی کیێف تێکشکاند. هاوکات وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەد و سی درۆنی ئۆکراینی لەسەر ئاسمانی ناوچە جۆربەجۆرەکانی رووسیا خستووەتەخوارەوە. ڤلادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا شەوی ڕابردوو لە پرێس کۆنفرانسێک لە کۆتایی کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە بیشکەک ڕایگەیاند کە هەموو دامەزراوە سەربازییەکان لە ئۆکرانیا، لەوان دامەزراوەی سەربازیی ئینگلیز، ئامانجی یاسایی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیان. ناوبراو پێی داگرت: هەموو دامەزراوە سەربازییەکان لە خاکی ئۆکرانیا، ئامانجی یاسایی ئێمەن؛ چ بەریتانیایی بن و چ هی وڵاتێکی دیکە.