سەرەخۆشیی عەراقچی لە ئیتاڵیا؛ دوابەدوای ئەو هێرشە درۆنییەی کرایەسەر کوەیت
وەزیری دەرەوەی ئێران دوابەدوای ئەو هێرشە درۆنییەی کرایە سەر کوەیت لە وتوێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیتاڵییەکەی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی ئێرانی بە حکوومەت و گەلی ئیتاڵیا ڕاگەیاند. هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دوابەدوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە میسر، سەرەخۆشیی گەل و حکوومەتی ئێرانی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییانی ئەو ڕووداوە کرد.
سەید عەبباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وتوێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیتاڵییەکەی، داخ و مەخابنی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە کوژرانی دوو هاووڵاتیی ئیتاڵیایی لە هێرشی درۆنی بۆ سەر کوەیت. عەراقچی بە بێبنەما وەسفکردنی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە گوایە دەستی بووە لەم ڕووداوەدا، جەختی کرد کە ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستی لەم ڕووداوەدا نەبووە. وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ئامادەیی تارانی دەربڕی بۆ هاوکاری لەگەڵ هەردوو حکوومەتی کوەیت و ئیتالیا لەپێناو ڕوونبوونەوە و دەرکەوتنی سەرچاوەی هێرشەکە و لێکدانەوەی ڕەهەندە جۆربەجۆرەکانی ئەم ڕووداوە. عەراقچی دوێنێش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ جەڕاح جابر ئەحمەد ئەلسەباح وەزیری دەرەوەی کوەیت، بانگەشەکانی هاوپێوەند بە ئەوەی کە گوایە ئێران هێرشی درۆنی کردووەتە سەر ئەم وڵاتەی بە توندی ڕەت کردەوە و جەختی کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستی لەو هێرشەدا نەبووە. وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بە دەربڕینی داخ و مەخابن لە کوژرانی چەند کەسێک و زیانەکانی ئەو ڕووداوە، ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە وەزیری دەرەوەی کوەیت ڕاگەیاند سەبارەت بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنی کوێتی بۆ لێکدانەوەی وردی هەموو لایەنەکانی ڕووداوەکە و دۆزینەوەی سەرچاوە و دەس و پێوەندییەکانی پشتی پەردەی ئەم هێرشە. لە لایەکی دیکەشەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دوا بە دوای ئاگرکەوتنەوە لە میسر کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک شاروومەندی ئەم وڵاتە، سەرەخۆشیی گەل و حکومەتی ئێرانی پێشکەش بە بنەماڵەی قوربانییان کرد. ئەم ڕووداوە بە هۆی ئاگرکەوتنەوەی تانکرێکی هەڵگری سووتەمەنی لە پارێزگای جیزەی میسر ڕووی داوە و بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی زیاتر لە ٥٠ کەس. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە ئاراستەکردنی سەرەخۆشی و هاوخەمیی خەڵک و حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بنەماڵەی گیانلەدەستداوان، حکومەت و خەڵکی میسر، داوای لە خوای گەورەش کرد کە سەبر و ئارامی ببەخشێت بە دڵی بنەماڵەی قوربانییان و سەلامەتی و چاکبوونەوەی خێرا بە بریندارانی ڕووداوەکە.