ڕێبەری مەزنی شۆڕش: بەسیجی هیچ هەلێکی لە کیس ناچێت بۆ زەبردان لە دوژمن
حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حسێنی خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا بە بۆنەی هەفتەی بەسیج، ئەم ناوەندە جەماوەرییەی سەر بە ڕێبازی ئیمام حسێن (د.خ)ـی بە دیاردەیەکی سەرسووڕهێنەر و پڕبایەخ وەسف کرد وبە ئاماژە بە توانای بەربڵاوی بیعسەتی گەلی ئێران، کە بڵاوکردنەوەی ڕیشە و خو و خدەی بەسیجییانە لە سەرانسەری وڵاتدایە، چەختیشی کرد:
ڕێکخراوی بەسیج دەبێت بە بەکارهێنانی ئەم توانا مەزنە هەوڵ بدات بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری و سەرهەڵدانەوەیەکی تازە و دەستڕاگەیشتن بە ئاستێکی پێشکەوتووتر و بانتری بەسیج، کە بوارخۆشکەر بێ بۆ جێبەجێکرانی دروشمی هەر ئێرانی یەک بەسیجی.
لە پەیامەکەی ڕێبەری شۆڕشدا هاتووە:
«بسم الله الرّحمن الرّحیم
هەفتەی بەسیج کاتێکی باش و گونجاوە بۆ ئەوەی بە چاوێکی تازەوە بڕوانینە دیاردەی سەرسووڕهێنەر و پڕبایەخی بەسیج؛ ناوەندێک کە بە دەستپێشخەریی حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) پێکهات و هێدی هێدی لە قۆناغێکی بەرەو تۆکمەکراندا ئێرانییانی ورەبەرز، هیوادار، فیداکار و خوازیاری سەربەرزیی ئیسلام و ئێران و ئەویندارانی ڕێبازی حسێن(د.خ) ، لە هەموو نەوە جۆراوجۆرەکانەوە بە دەوری خۆیدا کۆ کردەوە و بوو بە بنکە و قەڵایەکی لەڕووخاننەهاتوو لە لایەنگرانی حەق و دادپەروەری. بەسیج هەر لە دەستپێکەوە واتە هەر لە ساڵانی بەرەڤانیی هەشت ساڵەی پیرۆزدا توانا و شیاوەتیی خۆی سەلماند، ئەو کاتەی کە بە ئامادەبوونی کارامە و کاریگەریی خۆی لە گۆڕەپانەکانی شەڕی چەکداریدا بوو بە پشتیوانی سەرەکی و گرنگی هێزەکانی وڵاتەکەمان. لە درێژایی ئەو شەڕەدا، بەسیجییەکان هەر لە تازەلاوانەوە تا بەساڵاچووان سوودێکی مەعنەویی بێهەژماریان لە کەشی ڕۆحانیی زاڵ بەسەر سەنگەر و مەتەرێزەکان بە نسیب دەبوو و لە ڕێگەی ئەوانەوە کەشی زاڵ بەسەر شار و گوندەکانی وڵاتەکەمان بۆن و بەرامەی مەعنەوییەتی لێدەنیشت.هەر بۆیە ئەوەی لە بیروڕای گشتیدا سەبارەت بە بەسیج و بەسیجی لە زەین و مێشکی خەڵک نەخشی بەست، وێنایەک بوو لە ئیمان، پابەندی، ڕۆحسوکی، ڕاستبێژی، بەسیرەت، ئازایەتی، خەباتکاری، پابەندبوون و بەجێهێنانی ئەرک و ئەستۆگری، لەخۆبووردویی و گیانبەختکردن بۆ خاک و نیشتمان؛ کۆمەڵێک تایبەتمەندی کە لە ئاسەوارە کۆنەکانی ئەم وڵاتەدا پاڵەوانانی بەناوبانگی خاوەن ئەخلاق تەنیا بە بەشێک لەوانە وەسف کرابوون.ئەگەر تاکوو ئێستا هەندێ لە کەسایەتییەکانی چیرۆکە ئەفسانەئاساکان هێمای بەشێک لەم تایبەتمەندییانە بوون، ئێستا بە بەرەکەتی شۆڕشی ئیسلامی ئەم کەسایەتییە ڕاستینانە کە لە چیرۆکی ڕاستینەدا دەوریان دەگێڕا لە بەرگی بەسیجدا حەماسیان دەخوڵقاند و لەخۆبردنی و گیانبەختکردنێکی زۆریان دەخستە بەرچاو. هەرچەند سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز پاش هەشت ساڵ گەیشت بە خاڵی کۆتایی پڕشانازیی خۆی، بەڵام لەبەر ویست و ورەی بەسیجی، کاریگەریی قووڵی خۆی لەسەر هەموو ڕەهەندە جۆراوجۆرەکان و گۆڕەپانە جیاوازە سەربازییە فەرمی و بەتایبەت نافەرمییەکانی وڵات دانا؛ ئەم ویست و ورە تایبەتە سامانێکی مەزن بوو کە بەرەڤانیی پیرۆز و ڕێنوێنییەکانی حەزرەتی ئیمام خومەینی(رە) و پشتیوانیی چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی خەڵک دەیئافراند. هیوادارین بەسەرنجدان بە ئەو خاڵانە، بەسیجی ئێرانییەکان نموونەیەکی بەرز و بێهاوتا لە یەکدەنگی و هەروەها ئاستێکی باش بۆ هێنانەدیی چەمکی میللەت لە مێژووی ئەم وڵاتەدا تۆمار بکات تا ڕادەیەک ببێتە دەستپێکی پێشکەوتن و گەشەیەکی بەرچاو لە داهاتوودا.داوا لە خوای تاکانە دەکەم کە گیانی شەهیدانی ئازیزی بەسیجمان بە بەهەشتی بەرین و هاونشینی لەگەڵ بنەماڵەی پاکی پێغەمبەر(د.خ) شاد بکاتەوە و هەروەها سەبر و سەلامەتیش ببەخشێت بە جانبازانی ئازیزمان و هەموو بەسیجییەکانی ئێران و بەرەی خۆڕاگری، کە خۆم یەکێک لە بچووکترینی ئەوانەم، بخاتە ڕیزی سەربازانی سەروەرمان حەزرەتی ئیمام مەهدی (عج).