پەیامی ھاوخەمیی ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی
مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق سەرەخۆشیی کرد.
نوسینگەی، ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، پەیامێکی ھاوخەمیی نارد بۆ کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێزی گشتیی یەکێتی نیشتملنیی کوردستانی ئەم وڵاتەو تیای دا ڕایگەیاندووە: خوالێخۆش بوو جەلال تاڵەبانی دووربین و شارەزای کارەکان بوو.
لەپەیامەکەدا کە ئاراستەی بنەماڵەی تاڵەبانی کراوە، ھاتووە: بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خوالێخۆش بوو جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقمان پێگەیشت، خوالێخۆش بوو جەلال تاڵەبانی کەسایەتییەکی دوربین و شارەزای کارەکان بوو، پەرۆشی یەک بۆچوونی و یەکێتی ریزەکان بوو، رۆڵێکی تایبەتی گێڕا لەچارەسەرکردنی قەیرانەکان کەدوای روخانی رژێمی پێشوو توشمان ھات، ئەو رۆڵەیەمان ھەر لەیادەو مایەی سوپاس و پێزانینە".
لەکۆتایی پەیامەکەدا ھاتووە، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەو ھەموو کەسوکارو خۆشەویستان دەکەین، بۆ ئەو کۆستە گەورەیە و لەخوای گەورە دەپارێینەوە بەبەھەشتی بەرینی شادبکات و سەبووری ئێوەش بدات.
جێگای وەبیر هێنانەوەیە سێ شەممەی رابردوو، ٣ی تشرینی یەکەم، جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێزی گشتیی یەکێتی نیشتملنیی کوردستانی ئەم وڵاتە بەھۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لەبەرلین کۆچی دوایی کرد.دەیان سەرکردەی جیھانیی و ناوخۆیی پەیامی سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی خانەوادەکەی تاڵەبانی کردووە و ئەو بەڕێزەیان وەک سەرکردەیەکی مێژویی عێراق و کوردستان وەسف کردووە.