هادی عامری: یاسای حەشدی شەعبی پەسەند دەکەین
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدری عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ شێخ و سەرۆک هۆزەکانی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند: ئێمە یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبی پەسەند دەکەین و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانیش لەم بارەوە وتووێژمان کردووە و ئەویش پشتیوانی لەم هەنگاوە دەکات.
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدری عێراق، هەروەها بۆ بەرگریکردن لە گروپە خۆڕاگرییەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەندامانی ئەو گروپانە کەسانی "ژیر"ن کە بەرگریان لە عێراق و سەروەریی ئەم وڵاتە کردووە و دژ بە هێزەکانی داگیرکەر و داعش شەڕیان کردووە. شایانی باسە، پلانی گۆڕینی "هێزەکانی حەشدی شەعبی" بۆ ئیدارەیەکی گشتی بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سوپای عێراق لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦، دوای چەند مانگ لێکدانەوە، وردبینی و ڕاوێژکردن، خەرایە بەر دەنگی نوێنەرانی ئەم پەرلەمانە و بوو بە یاسا. بەڵام لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٥ (ڕەشەممەی ١٤٠٣)، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، ڕەشنووسی یاسای خزمەتکردن و خانەنشینی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە وەرگرتەوە. وەرگرتنەوەی پڕۆژە یاساکە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ناکۆکیی سیاسی و ڕێگریکردن بوو لە کاریگەریدانانی لەسەر دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکان بەسترابووەوە بە خستنەڕووی ئەم یاسایە لە دەستوری کاری پەرلەماندا.