ئاب 20, 2018 01:19 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی ویستووە داوایەک ئاراستەی لایەنەکان بکات بۆئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی پەرلەمان سازبکرێت

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە لە فواد مەعسووم سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی ویستووە داوایەک ئاراستەی لایەنەکان بکات بۆئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی پەرلەمان سازبکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە، لە فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراقی ویست، داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق بکات، بۆئەوەی لە چوارچێوەی ئەو ماوە دەستورییەدا کۆبوونەوەی خۆی سازبکات.

نوسینگەی عەبادی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەرۆک کۆماری ئەم  وڵاتە ویستووە داوایەک ئاراستەی لایەنەکان بکات بۆئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی پەرلەمان سازبکرێت بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی گەورەترین قەوارە بۆ پێکھێنانی  حکومەتی داهاتووی عێراق.

لە بەیاننامەکەدا باسی ئەوە کراوە کە عەبادی سوپاسی گەلی عێراقی کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک مافێکی دەستوری و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەشی کردووە کە پاڵپشتیی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان کردووە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها پیرۆزبایی لە ئەندامانی نوێی پەرلەمان کردووە، کە متمانەی خەڵکیان بەدەست هێناوە و داوای لێ کردوون کە بە سەرنجدانی ئەوەی کە ھاوڵاتیانی عێراقی متمانەیان پێ کردوون ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەبن لەبەردەم خوئا و خەڵکەکەیاندا.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژەبە پەسەندکرانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە کراوە و پێ لە سەر ئەوە داگیراوە کە لە ئێستا بەدواوە دۆخەکە دەچێتە ناو ئەو ماوە زەمەنییەوە کە بەگوێرەی دەستور دیاریکراوە بۆئەوەی هەموو لایەک پێوەی پابەندبن.

لە چوارەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێراق بە ئامادەبوونی ٢٧ هاوپەیمانیی هەڵبژاردەیی و ٢٠٥ پارت و ڕەوتی سیاسیی ڕۆژی ١٢ی مانگی مەی بەڕێوە چوو و سەرجەم ٨٨ لیستی هەڵبژاردن ململانێیان تیادا کرد بۆ دەس خستنی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمان.

بە پێی دەرەنجامی یەکجاریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێراق، هاوپەیمانییەکانی سائیرون (موقتەدا سەدر)بە ٥٤ کورسی، ئەلفەتح (هادی عامری) بە ٤٧ کورسی، ئەنەسر (حەیدەر عەبادی) بە ٤٣ کورسی، دەوڵەتی یاسا (نووری مالکی) بە ٢٥ کورسی، وەتەنییە (ئەیاد عەلاوی) بە ٢٢ کورسی و ڕەوتی حیکمەت (سەیید عەمار حەکیم) بە ١٩ کورسی و ئەلقەرار (ئوسامە نوجەیفی) بە ١٣ کورسی زیاترین پشکیان لە  پەرلەمانی داھاتووی عێراق دا بە خۆیان تەرخان داوە.

سەرپەیڤ