تشرینی یه‌که‌م 03, 2018 02:32 Asia/Tehran
  • پیرۆزبایی کەسایەتییە عێراقییەکان لە سەرۆک کۆماری تازەی عێراق

کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکانی عێراق وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی وڵاتەکەیان لە لایەن بەرھەم ئەحمەد ساڵحەوە پیرۆز دەکەن .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی عێراقەوە، دکتۆر فۆئاد مەعسوم  پیرۆزبایی لە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح کرد بە بۆنەی هەڵبژێردرانی وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواست.

به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى نوسینگه‌که‌ى فۆئاد مه‌عسوم، ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح سه‌رۆک کۆمارى تازەی عێراق، بە گەرمی ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتویدا . 

کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یه‌کێتى نیشتیمانیی کوردستانی عێراقیش په‌یامێکى پیرۆزبایى به‌ بۆنه‌ى هه‌ڵبژێردرانی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمارەتیى عێراق بڵاوکرده‌وه‌و پیرۆزبایى له‌ خه‌ڵکى کوردستانی عێراقیش کرد.

‎کۆسرەت رەسوڵ ڕایگەیاندووە: هەڵبژاردنی هەڤاڵێکی دڵسۆزی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق بە سەرۆک کۆمار جێگای متمانەو پێ خۆشبوونی خەڵکی عێراقە، هەر بەم بۆنەیەوە سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق  دەکەم کە پشتگیریی کاندیدی یەکێتیان کردو لە پرۆسەیەکی دیموکراسیانەدا هەڵیانبژارد بۆ  سەرۆکایەتیی هەموو عێراق.   له‌ په‌یامه‌که‌ی جێگری سکرتێری گشتی یه‌کێتى نیشتیمانیی کوردستانی عێراقدا ئه‌وه‌ش هاتووه‌ کە، لە کاتێکدا کە لە ناخی دڵمەوە لە دکتۆر  بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی دەکەم لە هەمان کاتیشدا داوای لێدەکەم ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەر و چالاکانە  لەگشت بوارەکاندا ببینێ، ئەم پۆستە پۆستی هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە .

قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتیی عەسائیبى ئەهلى حەقیش لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆز کردنی پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق لە دکتۆر بەرھەم ساڵح رایگەیاندووە: هه‌ڵبژێردرانی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمارەتیى عێراق بە تەواوى بڕیارێکى عێراقییانەیە.

قەیس خەزعەلى لە تویتێکدا رایگەیاندووە: دواى سەرکەوتنى پەرلەمانى عێراق لە هەڵبژاردنى سەرۆکەکەیدا، سەرکەوتنى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بەبێ ئەوەى ماوە دەستورییەکەى تێپەڕ بکات و سەربارى ئەو ئاڵۆزییانەى دەورى بابەتەکەیان دابوو، بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەى کە پەرلەمانتارانى ئێستا ئازا بوونە لە بڕیارەکەیانداو بڕیارێکی بەتەواوەتیی عێراقیانەیان داوە بەبێ دەستوەردانی ھیچ لایەنێکی دەرەکی.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانیی عێراقیش لە پەیامێکدا ھەڵبژێردرانی دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵحی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمارەتیى عێراق لە ناوبراو پیرۆز کرد. ھەر بەھەمان شێوە موحەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش بەش بە حاڵی خۆی پۆستی سه‌رۆک کۆمارەتیى عێراقی لە  دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵح پیرۆز کردو ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە دەنگدانی  خولی دووھەمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی  سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە (٢ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨)  بەڕێوە چوو، سەرکەوتنی بە دەست هێناو توانی بە ٢١٩ دەنگی پەرلەمانتاران  پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری وڵاتەکەی بەدەست بھێنێت. ناوبراو لە ھەمان ڕۆژی ھەڵبژێردرانی وەک سەرۆک کۆماری عێراق لە بەردەم پەرلەماندا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: سەر بە ھیچ لایەنێک نییەو دەبێتە سەرۆکی تەواوی عێراق، بەبێ ئەوەی کە ھیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکهاتەیەک و پێکهاتەیەکی دیکەدا دابنێت. بەرھەم ئەحمەد ساڵح سێھەم سەرۆک کۆماری کوردە لە عێراق دا لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعسی سەددام ھەتاکو ئێستا. جەلال تاڵەبانی و فۆئاد مەعسوم یەکەم و دووھەم سەرۆک کۆماری عێراق بوونە. لە عێراق دا پۆستی سەرۆک کۆمارەتی لە پشکی کوردەو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شێعەکانی ئەم وڵاتەو سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بۆ سوننەکان دانراوە.

سەرپەیڤ