May 29, 2020 12:08 Asia/Tehran
  • قەیرانی دارایی عێراق ئەوپەڕی تا چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیری عێراق رایگەیاند، قەیرانی دارایی کاتییە و تاکۆتایی ئەمساڵ یان تا چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت .

مەزهەر محەمەد ساڵح لەمیانی لێدوانێک راشیگەیاند، حکومەت چەند ڕێکارێکی بەپەلەی چارەسەرکردنی دۆخەکەی گرتووەتەبەر، ئەوە جگە لە پرۆسەی چاکسازییەکی درێژخایەن لەپێناو جوڵاندنی کەرتی تایبەتدا.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بێ وەبەرهێنانی راستەقینە وڵات توانای هەستانەوە و پێشکەوتنی نابێت، لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری وەبەرهێنانەکانی ئێستا لەکەرتی نەوتدایە لەپێناو زیادکردنی داهاتی وڵات، ئەوە ئەستەم دەبێت.

هەروەها رایگەیاند، ١٤ تڕیلیۆن دینار لە کەرتی کارەبا دا خەرج کراوە لەکاتیکدا داهاتەکەی ناگاتە تڕیلیۆنێک دینار.

راوێژکاری سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کردووە، کە لەکاتێکدا پێشتر عێراق بەرهەمە نەوتییەکانی هەناردەی دەرەوە دەکرد کەچی ئێستا ئەو بەرهەمانە لەدەرەوە هاوردە دەکات، بەشێوەیەک کە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بە بەهای ٥٠ ملیار دۆلار بەرهەمە نەوتییەکانی هاوردە کردووە، کە بەو پارەیە دەتوانرا ١٠ پاڵاوگەی گەورەی نەوتی پێ دروست بکرێت .

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، دەبێت عێراق وەبەرهێنانە نەوتییەکانی بەشێوەیەکی دروست بنیاد بنێت و ئیدارەیەکی گونجاوی کەرتی کارەبا بکات، ئەوە جگە لە وەبەرهێنان لەبواری پیشەسازی و دووبارە بەگەڕخستنەوەی کارگە و کارخانەکان و کۆتاییهێنان بەسیاسەتی هەڵەی وەبەرهێنانی رابردوو، کە بەرهەمەکەی ئەو هەموو زیانانەیە کە لێیکەوتووەتەوە .

بۆچوونت