ھاوپەیمانیی فەتح: ترەمپ بۆی نییە کات بۆ مانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لە عێراق دیاری بکات
ئەندامێکی ھاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: «دۆناڵد ترەمپ» سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆی نییە کات بۆ مانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لە عێراق دیاری بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «حەسەن شاکر» ئەندامی ھاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی ھەینیی ڕایگەیاند: عێراق قەت داوای مانەوەی لەشکریانی ئەمریکیی نەکردووە.
«حەسەن شاکر» وتیشی : پەرلەمانی عێراق بڕیاری وەدەرنانی لەشکریانی بیانیی بە پاڵپشتیی خەڵک تێپەڕاندووەو خۆپیشاندانی خەڵک باشترین بەڵگەیە لەم بارەیەوە.
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ھیچ سەرۆک وەزیرانێک داوای مانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لە عێراقی نەکردووە، وتیشی: داخوازیی عێراق بەس وەرگرتنی یارمەتیی لۆجستیکی و ھەواڵگرییانە بووەو ئامادە بوونی لەشکریانی بیانی بەبێ ئاگادار کردنەوەی خەڵک و پەرلەمان ئەنجامی گرتووە.
نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق پێنجەمی زانویەی ٢٠٢٠ پرۆژەیاسای دەرپەڕاندنی لەشکریانی ئەمریکی لە خاکی عێراقی تێپەڕاند.