نەتەوەیەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دەکات
حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێشوازی لە شاندی تیمی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش کرد کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-ـە.
شاندەکە کە کەریم خان، ڕاوێژکاری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش سەرۆکایەتی دەکرد، لەگەڵ جێگیری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دا، باسیان لە گرنگیی پێکهێنانی تیمەکە و دادگای تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش کردووە، کە کارێکی هەرە گرنگیان، پێکهێنانی لیژنەیەکە لە عێراق بۆ ئەوەی کارەکانیان بۆ بەجێبهێنێت و لێکۆڵینەوە لەبارەی تاوانەکانی داعش-ەوە بکات.
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتوویەتی، "بۆچوونی هاوبەش هەن لەنێوان پەرلەمانی عێراق و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان-دا بۆ بە تاوانناساندنی تاوانەکانی داعش لە عێراق، ئەوەش چەندین ڕەهەندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێت، چونکە لە لایەک دادگا هەوڵی گەڕاندنەوەی مافەکانی هەموو زیانلێکەوتووانی داعش دەدات، ڕەهەندەکەی تریش یەکخستنی هەوڵەکانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بەگژداچوونەوەی هەموو بیرە توندڕەوەکان."