کانونی یه‌که‌م 09, 2020 02:51 Asia/Tehran
  • جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق : ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە نیە

«حەسەن کەعبی» جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بەو یاسای قەرزەوە نیە کە لەپەرلەمانی عێراق دەرچووە، بەڵگو کێشەیەکی چەند ساڵەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە  بەغداد ئەلیەوم،«حەسەن کەعبی» جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە لەمیانی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لە پەیوەندی لە گەڵ ڕەوشتی ئاڵۆزی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: چارەسەریی کێشەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتوندوتیژی یەکلایی نابێتەوە و پێویستە حکومەتی هەرێم هەنگاوی جدی بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی.

«حەسەن کەعبی» جەختی لەوەش کردەوە کە: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بەو یاسای قەرزەوە نیە کە لەپەرلەمانی عێراق دەرچووە، بەڵکو ئەو کێشەیە چوار ساڵ بەرلەئێستا دەستی پێ کردووە.

ناوبراو داوای لەبەرپرسانی هەرێم کرد رێز لەداخوازیی خۆپیشاندان بگرن و بەبێ توندوتیژی ھەڵس و کەوتیان لەگەڵدا بکەن.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە، دۆخی ئێستای هەرێم هەروا دەمێنێتەوە ئەگەر گوێ بۆ داواکاری خۆپیشاندەران نەگیرێت و موچەکانیان زیاتر دوابخرێت، دیارە ئەوەش دۆخەکە خراپتردەکات.

«کەعبی» داواشی لەهەرێم کرد دیالۆگ و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەست پێ بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و دورخستنەوەی ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم لەناکۆکی سیاسی.

سەرپەیڤ