راگێنراوی نوسینگەی کازمی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێم
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیەنراوێک دەربارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی هەرێم بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 12ی کانونی یەکەم قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە.
دەربارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران بڵاویکردەوە، “لە کۆبوونەوەکەدا، کە لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسایی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی (قەرز) کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرا، لەگەڵ تاوتوێکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی بەشێوەیەک کە دادپەروەری تیا بەدیبهێنرێت لە دابەشکردنی تەرخانکراوە داراییەکان بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق”.
پێشتر سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتبووی ، “شاندی هەرێم هەوڵی زامنکردنی 320 ملیار دینارەکەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای کورتهێنانی قەرزدا دەدات”.
ئەگەرچی هەرێم چاوەڕوانە بەغداد بەپێی ڕێککەوتنەکەی پێشووی نێوانیان دوایین 320 ملیار دیناری پشکەکەی وەربگرێت، بەڵام فشاری لایەنە سیاسیە عێراقییەکان و بەتایبەتیش فراکسیۆنی سائیرون ڕێگرە لە بەردەم ئەو ویستەدا.
لە نوێترین هەڵوێستیشدا حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سائیرون ئەمڕۆ شەممە 12ی کانونی یەکەم وتی، هەر ڕێککەوتنێک دەربارەی نەوتی کوردستان و داهاتەکەی پێچەوانە بێت لەگەڵ بەندەکانی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بە “پوچەڵ” دادەنرێت.