کانونی دوھەم 17, 2021 15:00 Asia/Tehran
  • حکومەتی عێراق دۆسیەی ئاوارەکان بەیەکجارەکی دادەخات

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووە کە لەماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە ٦٨ هەزار خێزانی ئاوارە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە سەر جێگا و ڕێگای خۆیان، جەختیشی کردۆتەوە کە لەنزیکترین کاتدا حکومەتی عێراق دۆسیەی ئاوارەکان بەیەکجارەکی دادەخات و هیچ کامپێک نامێنێت ئاوارەی تیدابمێنێت.

ئیڤان فائیق جابرو وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە لەسەر ڕێنمایی و راسپاردەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق هەموو ئاسانکارییەک دەکرێت بۆئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و دۆسیەی ئاوارەکان بەیەکجارەکی لە عێراق دابخرێت و کۆتایی بە ئێش و ئازاری سەدان هەزار کەسی ئەو چینەی خەڵکی عێراق بهێنرێت کە چەندین ساڵە لە دۆخێکی زۆر سەختدا ژیان بەڕێدەکەن.

جابرو ئاشکرای کردووە کە لەماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە ٦٨ هەزار خێزانی ئاوارەی ناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی رەسەنی خۆیان، جەختیشی کردۆتەوە لەنیکترین کاتدا کۆتایی بە دۆسیەی ئاورەکان دەهێنرێت و ژیانی ئاسایی بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەگێردرێتەوە.

پێشتر و لە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووم وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کردبوو کە وەزارەتەکەیان پلانێکی نیشتیمانی داناوە بۆئەوەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان دابخات.

سەرپەیڤ