شوبات 24, 2021 12:17 Asia/Tehran
  • بەشیر حەداد: ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق هێشتا لە لیژنەی داراییە

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند هێشتا لیژنەی دارایی دوایین ڕەشنووسی یاسای بوودجە ڕەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکردووە.

 

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە نوێترین ڕەشنووسی هەموارکراوەی یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 هێشتا لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە ڕەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکراوە و بڕیارە لەوبارەوە شاندی هەرێم بە مەبەستی تەواوکردنی گەڕی دانوستانەکان بگاتە بەغدا". 

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هیوای خواستووە لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولادا هەبێت وبگەنە چارەسەری هاوبەشی گونجاو.

لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق ڕاگەیەندراوێکى بڵاو کردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد کە چاوەڕوانى داڕشتەى کۆتایى ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدان لەبارەى پەیوەستییەکانى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا.

لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق 23ى شوباتى 2021  لە راگەیەندراوێکدا کۆتایی هێنانى لیژنەکەیان بە ڕەشنووسى نیمچە کۆتایى پڕۆژە یاساى بودجەى 2021ى ئاشکرا کرد. 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لیژنەکە هەوڵێکى زۆری داوە بۆ گەرەنتی کردنى مافى سەرجەم هاووڵاتیان و فەرمانبەران لە پڕۆژە یاساکەدا.

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەوان چاوەڕوانى داڕشتی کۆتایى ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدان لەبارەى پەیوەستییەکانى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا.

سەرپەیڤ