بەغدا و هەولێر رێکارەکانی بەرەنگاربونەوەی داعش تاوتوێ دەکەن
دوای زیادبونی هێرشەکانی داعش لە دو هەفتەی رابردودا، چەند جارێک شاندی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەئاستی باڵادا کۆبونەتەوە و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی هێرشەکانی ئەو رێکخراوەیان تاوتوێ کردوە بەتایبەت پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، هەردولاش لەسەر هەماهەنگی بەردەوام و ئۆپراسیۆنی هاوبەش گەیشتونەتە رێککەوتن.
لە رۆژی سێشەممەی رابردوەوە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لەسنوری پارێزگای نەینەواو دیالە لە دژی چەکدارانی داعش دەستپێکردوە و تائێستاش لە ئۆپراسیۆنەکانانیان بەردەوامن.
هاوکات حەوت هەزار پێشمەرگە و سەربازی سوپای عێراق لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان بە مەشق و راهێنان کردوە، دوای تەواوبونی مەشقەکان کە 60 رۆژ دەخایەنێت، تێکەڵ بە یەکدی دەکرێن و لیوایەکیان لە خانەقینەوە تاوەکو ناوچەی ناو شوان لە سنوری پارێزگای کەرکووک بڵاوەیان پێدەکرێت، لیواکەی دیکەشیان لە ناوچەی ناو شوانەوە تاوەکو بەنداوی موسڵ بڵاودەبنەوە و ئەو کەلێنە ئەمنیانە پڕدەکەونەوە، کە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەن.
لەبارەی کۆبونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەش، فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە راگەیاند، "هێرشەکانی داعش لە ناوچە دابڕێندراوەکان زیاد ب,ون و دەبێت ئێمەیش پێکەوە ئۆپراسیۆنەکانمان زیاد بکەین و زانیاریی هەواڵگریمان لەسەر ئەو ناوچانە ئاڵوگۆڕ بکەین تاوەکو رێگە لەو هێرشانە بگرین".
لەعێراق ماوەی چەندین مانگە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردوە بەتایبەت لە سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسانی پێشمەرگەش دەڵێن بەهۆی نەبونی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و بونی بۆشایی ئەمنی، داعش لەچەند ناوچەیەکدا جموجۆڵەکانی زیادکردوە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندوە، ئەوە جگە لەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە.