یەکیەتی و چەند لایەنی شیعە وژمارەیەک کۆتلەی سەربەخۆ رەنگە هاوپەیمانیی نوێ پێکدێنن
لەدوای دیدار و کۆوونەوەکانی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکیەتیی لەگەڵ سەرکردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی لەبەغدا، پەرلەمانتارێکی سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایکردووە، کە ئەگەری هەیە چوارچێوەی هەماهەنگیی و یەکێتیی لەگەڵ چەند کوتلەیەکی سەربەخۆ هاوپەیمانێتییەک درووست بکەن.
وائیل ڕیکابی، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە پێگەی "مەوازین نیوز"ی ڕاگەیاندووە، ئەگەر هات و رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوە درووستکردنی هاوپەیمانێتییەکی سیاسیی لەنێوان یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگیی و هەندێک لایەن و کوتلەی سەربەخۆ بەدوور نازانرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا وتیشی: درووستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی تایبەتە بە پێکهاتەی شیعیەوە و ئەوان سەرۆک وەزیران دەستنیشان دەکەن، بەڵام لەدوای ڕاڤەکەی دادگای فیدراڵی زۆر بابەت گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بەشێوەیەک پێدەچێت رەوتی سەدر لەبەشێک لە داواکارییەکانی بێتەخوارەوە.
تائێستا لایەنە عێراقییەکان نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و لەدوای شیکردنەوەی دادگای فیدراڵی بەوەی کە تەواوکردنی نیسابی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە 220 دەنگە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی قورس بووە.