له بهغدا هێرشکرایه سهر بارهگای پارتی و بهشێکیان سووتاند
شهوی رابردوو ھەندێ کەس لە بەغدا هێرشیان کردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و ئاگریان تێبەردا.
هێرشەکە دوای گردبوونەوەی ھەندێ کەس بوو بۆ چەند کاتژمێرێک بەهۆی تویتێکی کەسێک بەناوی د. نایف کوردستانی، کە بێڕێزی بە مەرجعیەتی شیعە کردبوو .
ئهو کهسه که دەوترێت کادیری پارتی بووە پۆستەکەی سڕییەوە و داوای لێبووردنی کرد و وتی، "بەهەڵە تێگەیشتن هەبووە".
پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە راگەیهندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تویتی ئەو کەسە گوزارشت لە رای کەسیی خۆی دەکات و "پارتی باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن هەیە".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کورستانیش لە راگەیهندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە و رادەستی لایەنی دادوەرییان کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئازادیی رادەربڕین بە واتای ئەوە نایێت کە دەستدرێژیی بکرێتە سەر هێما ئایینی و نیشتمانییەکان، هەر قسە کردنێک بەتایبەت لەسەر پێگەی مەرجەعیەت قبووڵکراو نییە و بێدەنگ نابن لەسەری.
هاوکات جەختی کردووەتەوە کە ئەو پۆستە گوزارشت لە بیروڕای گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات.
مەرجعیەتی شیعەی عێراق ، ھەمیشە رۆڵێکی گرنگیی ھەبووە لە پاراستنی ئارامی و سەقام لە عێراق و جێگای رێزی ھەموو لایەنەکانە بە تایبەت پارت و لایەنە کوردیەکان .