باڵوێزی ئێران لە بەغدا: یاسای پەرلەمانی عێراق مێژوویی و جێگای شانازییە
«موحەممەد کازم ئالی سادق» باڵوێزی ئێران لە بەغدا پەسەند کرانی یاسای قەدەغەی ھەرچەشنە ئاسایی کردنەوەیەکی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایونیی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە مێژوویی و بە مایەی شانازی زانی.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «موحەممەد کازم ئالی سادق» باڵوێزی ئێران لە بەغدا لە توییتێکدا نووسی: لە نوێنەرانی گەلی دۆست و برای عێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە لە بەر تێپەڕاندنی «یاسای بە تاوان زانینی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی داگیرکەری زایونی» پیرۆزبایی دەکەم.
باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا جەختی لەوەش کردەوە کە، ئەم یاسایە ئاڵقەیەکی تازەی سەربەرزییەکانی زنجیرەی ھەڵوێستە جێی شانازی و بوێرانەی جەماوەری عێراق لە ھەمبەر کێشە چارەنووس سازەکانی ئوممەتی ئیسلامی بوو.
پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە بە ئامادە بوونی ٢٧٥ نوێنەر لە تێکڕای ٣٢٩ نوێنەرەکەی، یاسای بەتاوان زانینی ھەرچەشنە پەیوەندییەک لە گەڵ ڕژێمی زایونیی تێپەڕاندو پەسەندی کرد.
دوای پەسەند کرانی یاساکە نوێنەرانی ئامادە بووی پەرلەمانی عێراق دروشمی «نا بۆ ئیسرائیل»یان ھەڵدا.