سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی : هێرش کردنە سەر بینای پەرلەمان قبوڵکراو نییە
«فالح فەیاز» سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی پەیوەست بە ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی بەغدا رایگەیاندووە: خۆپیشاندانی ئەمشەوی ناوچەی سەوزو هێرش کردنە سەر بینای پەرلەمان جێگای قبوڵ نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق، «فالح فەیاز» سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبیی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: خۆپیشاندان مافێکی ڕەوایە، بەڵام ئەوەی شەوی ڕابردوو لە ناوچەی سەوز ڕوی دا، سەرپێچیەکی قبوڵنەکراو بوو بە تایبەت کە هێرش کرایە سەر بینای پەرلەمان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد:حەشدی شەعبی داوای گفتوگۆی سیاسی لە نێوان لایەنەکان دەکات، ئێمە داکۆکی لە سەقامگیری و سەروەریی عێراق دەکەین و بەهیچ جۆرێک نابینە بەشێک لە ململانێی هێزە سیاسییەکان.
سەرۆکی حەشدی شەعبی جارێکی تر بۆ ڕوون کردنەوەی ھەڵوێستە گشتیەکانی ڕێکخراوەکەی جەختی لەوە کردەوە کە، ئێمە وەک حەشدی شەعبی بۆچوونی خۆمان ھەیە لەسەر پرسە گەورەکان، بەتایبەتی رەتکردنەوەی بابەتێکی وەک ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
جێگای ئاماژەیە شەوی ڕابردوو لایەنگرانی «موقتەداسەدر» دژی کاندیدکرانی «موحەممەد شیاع سودانی» کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خۆپیشاندانیان کرد و بەربەستەکانی چوونە ناوچەی سەوزی بەغدایان شکاندو بۆ ماوەیەکیش چوونە نێو باڵاخانەی پەرلەمانی عێراقەوە.