یەکەم ڕۆژی دەستبەکار بوونی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق
«لەتیف ڕەشید» لە یەکەم لێدوانی دا لە پۆستی سەرۆکایەتیی عێراق: پابەندی دەستوور دەبێت، سەروەریی عێراق دەپارێزێت، ھەو.ڵی چارەسەریی کێشەکانی نێوان بەغداو ھەولێر دەدات و ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانیش دا بەرز دەکاتەوە.
دکتۆر«لەتیف رەشید» سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە بە فەرمی لە کۆشکی سەلام لە بەغدا دەستبەکاربوو و لە ئاھەنگی دەستبەکاربوونەکەشیدا ژمارەیەک لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی عێراق، بەرپرسانی حکومی و نوێنەری وڵاتانی بیانی ئامادەبوون.
سەرۆک کۆماری تازەی عێراق لە یەکەم لێدوانی دا لە پۆستی سەرۆکایەتیی رایگەیاند: هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ چارەسەریی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند بەگوێرەی دەستور. بەڵێنیشی دا پابەندی دەستوربێت و سەروەریی عێراقیش بپارێزێت.
وتیشی: لەماوەی داهاتوودا هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ ئەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان لەیەکتری نزیک بکاتەوە لەسەر ئەو دۆسیانەی لەنێوان لایەنەکاندا ناکۆکییان لەسەرە.
ئەوەشی خستەڕو، ئومێدەوارە حکومەتی نوێ لەماوەیەکی زودا پێکبهێنرێت و ئەو حکومەتەش بەهێز، یەکگرتو و پێکهاتو بێت لەخەڵکی بە توانا، بۆ ئەوەی لەئاستی داواکارییەکانی خەڵکدا بێت بۆ چارەسەریی کێشە خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی ئارامی و ئاسایشت بۆ هاوڵاتیان.
پەیوەست بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراقیش، سەرۆک کۆماری نوێ وتی، یەکێک لە کارەکانی لە قۆناغی داهاتودا برەودان دەبێت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان لەسەر بنەمای هاوسەنگیی پەیوەندییەکان و بەرژەوەندی هاوبەش.