گیان لە دەست دانی ئەندامێکی حەشدی شەعبی و تیاچوونی سێ داعش لە تێکهەڵچوونەکانی باکووری بەغدا
سەرچاوە عێراقییەکان هەواڵی گیان لە دەست دانی ئەندامێکی حەشدی شەعبی و تیاچوونی سێ تیرۆریستی داعشیان لە تێکهەڵچوونەکانی ناوچەی ئەلتارمییە لە باکووری بەغدا ڕاگەیاند.
تیرۆریستانی داعش بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ناوچەی ئەلتارمیە لە باکوری بەغدای پایتەختی عێراق، بە توندی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی تێکهەڵچوون و بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سێ تیرۆریستی داعش کوژراون و ئەندامێکی حەشدی شەعبیش لەم تێکھەڵچوونانەدا گیانی لەدەست دا.
بەشی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبیی عێراق دوێنێ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کرد؛ هێزەکانی حەشدی شەعبی هاوکات لەگەڵ نزیک بوونەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بە مەبەستی پێشگرتن لە چالاکییەکانی ئەو تاقمە تیرۆریستییە، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی "ئەلبو مەرموس" لە پارێزگای سەلاحەدین و دەوروبەری ئەنجامدا.
ھێزەکانی سوپاو حەشدی شەعبیی عێراق بۆ دڵنیا بوون لە سەرھەڵنەدانەوەی داعش و ئەندامە هەڵهاتووەکانی بەردەوامن لە گەڕان و پاککردنەوە و بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی داعش لە سەرتاسەری ئەم وڵاتەدا.