نوێنەری عێراق: بوونی ئەمریکا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات
نوێنەری هاوپەیمانیی "ئەلفەتح" لە پەرلەمانی عێراق بوونی ئەمریکای بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەم وڵاتە زانی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی سایتی هەواڵیی ئەلمەعلومە ، "محەمەد کەریم ئەلبەلەداوی" نوێنەری هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند:هێزە ئەمریکییەکان بە بەردەوام کردنی ئامادەبوونیان لە لێواری سەرسنووریی سووریا، سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنی ناسەقامگیری و دروستکردنی نائەمنی لە عێراق دەکەن .
«محەمەد کەریم» بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەمریکا لە دروستکردنی ئاژاوە لە وڵاتان، وتیشی: بوونی ئەمریکا لە هەر شوێنێک، جا لە عێراق بێت یان لە شوێنێکی دیکە، خۆی لە خۆیدا مایەی نیگەرانیی بەردەوام و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە.
سەرەڕای ئەنجامدانی چەند خولێکی دانوستانی ستراتیژی لە نێوان بەغدا و واشنتۆن بۆ کۆتایی هێنان بە ئامادە بوونی لەشکریانی ئەمریکی لە عێراق بەهۆی کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ داعش و هەروەها پەسەندکردنی پلانی دەرکردنی سەرجەم سەربازە بیانییەکان لە خاکی عێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە ، ئەمریکا هێشتا ئەم بڕیارنامەیە لەو وڵاتەدا پێشێل دەکات.