ڕاگەیەندرانی بەم زووانەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە تیرۆری شەهیدان سولەیمانی و ئەلموهەندیس
یەکێک لە سەرکردەکانی لیژنەی هەماهەنگیی شیعەکانی عێراق، بە ئاماژەدان بە تێوەگلانی سێ لایەن لە تیرۆرکردنی شەهیدان سولەیمانی و ئەلموهەندیس، ڕایگەیاند: بەم نزیکانە ئەنجامی بەدواداچوون بۆ تیرۆرکردنی ئەو شەهیدانە ڕادەگەیەنرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵدەریی ئەلعەھد، «جەبار عۆدە»، لە سەرکردەکانی لێژنەی هەماهەنگیی شیعەکانی عێراق ناسراو بە (چوارچێوەی هەماهەنگی) ڕایگەیاند کە ئەمریکا، ڕژێمی کاتیی زایۆنی و بەکرێگیراوانی ناوخۆ بەشداربوونە لە تیرۆرکردنی شەهیدان حاج قاسم سولەیمانی، فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری بەرپرسی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی، ھیچ جۆرە پەک خستنێکیش لەم بوارەدا ڕەوا نییە.
ئەم بەرپرسە عێراقییە بە ئاماژەدان بەوەی کە لەسەر بنەمای دادگاییکردنی دادپەروەرانەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەبێ تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە بکرێتەوە، ئەوەشی ڕوون کردەوە: هەموو کارە دادوەرییەکان لە بەغدا بەڕێوەدەچن و ئەنجامی پێویست بەدەست هاتووە کە بەم زووانە ئاشکرا دەکرێن.
«عۆدە» ئاماژەی بەوەش دا کە دەستی دادپەروەری دەگاتە هەموو تاوانبارانی تیرۆرکردنی ئەو شەهیدانە و وتیشی:هەوڵەکانی ئەمریکا و بەکرێگیراوەکانی لە بڵاوکردنەوەی درۆ هیچ کاریگەرییەکی نییە. چونکە هەمووان دەزانن سولەیمانی و موهەندیس بۆ ڕزگارکردنی شارەکانی عێراق لە دەستی تیرۆریستانی داعش چەند لەخۆبردوویییان نواندووە.