پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بەردەوامە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق سێشەممە رایگەیاند، پەیوەندیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ ئاسایشی سنورەكانی نێوان دوو وڵات بەردەوامە
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ڕایگەیاند، عێراق هەنگاوی سەربازی و ئەمنی ناوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان لەگەڵ هەمو وڵاتانی دراوسێ و داخستنی هەر بۆشایییەك كە لەسنورەكان هەبێت.
وتیشی، هێزە عێراقییەكان پێشكەوتنی گەورەیان لە پرسی ئاسایشی سنورەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەدەستهێناوە و هەماهەنگی لەگەڵ هەمو ئەو وڵاتانە هەیە بەمەبەستی دەستەبەركردنی سنورە هاوبەشەكان.
ئەوەشی خستەڕو، عێراق زۆر پەرەی بە هەوڵە هەواڵگرییەكان داوە و ئەم هەوڵەش بەشدارییەكی زۆری كردوە لە كەمكردنەوەی زۆرێك لە پێشێلكارییەكانی سەر سنورەكان و تەنانەت لە ناو شارەكانیشدا”.
پێشتر فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراقی ڕاگەیاندبو، نزیكەی هەزار و ٥٠٠ كیلۆمەتر لە سنورەكانی لەگەڵ ئێران دەستەبەر دەكات.
ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٣ـی ئازاری ئەمساڵ، ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ئەمنی عێراق و ئێرانی بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی نێوان هەردو وڵات ڕاگەیاند.