ئاب 10, 2023 13:22 Asia/Tehran
  • نەتەوە یەكگرتووەكان: وشكبوونەوە و گەرمای بەرز لە عێراق هۆشدارییە بۆ جیهان

كۆمسیارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەردانێكیدا بۆ عێراق هۆشداری لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە جیهان دەدات.

ڤۆلكەر تۆرك، كۆمسیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەوەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و وشكبوونەوە، هاوشێوەی “ئاگاداركردنەوەیە” بۆ سەرتاسەری جیهان.

ئەو لێدوانەی ڤۆلكەر تورك لەمیانەی كۆتاییهاتنی سەردانێكیدا بوو بۆ عێراق، كە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی هەندێك لە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوای بەركەوتووە.

لەمیانەی سەردان و گەشتەكانیدا لە عێراق كە لە هەندێك شوێن پلەكانی گەرما دەگاتە پەنجا پلە، لەگەڵ وشكبوونەوەی بەرچاو كۆمسیارەكە “كێڵگە بێبەرهەمەكان كە وشكەساڵییان پێوەدیارە” وەك خۆی دەڵێت، بەدیكرد.

وتیشی، “بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و وشكبوونەوە و لەدەستچوونی هەمەجۆریی ژینگەیی، كاروبارێكن كە بە روونی دەبینرێن”.

ڤۆلكەر ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك بارودۆخی ئەو كۆمەڵگایانە دەبینین، ئایندەمان دەبینین.

بۆ ساڵی چوارەم لەسەر یەك، عێراق، بووەتە پێنجەم وڵات كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانی ئاووهەوای لەسەر ئاستی جیهان تۆماركردووە، بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

 

 

سەرپەیڤ