ئاب 30, 2023 18:28 Asia/Tehran
  • وتووێژی توركیا و عێراق لەسەر قەیرانی ئاو

سەرۆك كۆماری عێراق، دكتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە 30-8-2023، لە بەغدا، پێشوازیكرد لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی توركیا بۆ كاروباری ئاو، فەیسەڵ ئیرئۆغڵو، بەیاوەری شاندێكی ئاست بەرزی پسپۆڕان و ڕاوێژكارانی تایبەت بە بواری ئاو و بەنداوەكان و ئاودێری و كشتوكاڵ و وزەی ژینگەیی.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆك كۆماری عێراق، هەردوولا جەختیان لە گرنگی پەرەپێدان و بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان كردەوە، بەتایبەتی لە بواری هەماهەنگی هاوبەش لە دۆسێی ئاودا و كاركردن بۆ نوێكردنەوەی لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتنە هاوبەشەكان لەم بارەیەوە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات و گەلی دۆست.

لەم بارەیەوە سەرۆك كۆمار جەختی كردەوە لەسەر گرنگی ئاگاداربونی عێراق لە پلانی كارپێكردن و ئاماژەكردن بە كەمترین بەردانەوەی ئاو كە دەگاتە ڕوبارەكانی دیجلە و فورات و جەختیشی كردەوە لەسەر پێویستی ئاڵو گۆڕكردنی تەكنیكی لەنێوان هەردوولادا بەمەبەستی ڕێككەوتن لەسەر لێكتێگەیشتنێكی كۆتایی هاوبەش و ئاماژەی بەوەشكرد كە حكومەتی عێراق بە چڕی كاردەكات بۆ بەهێزكردن و پەرەپێدان و باشتركردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە سەرانسەری وڵاتدا.

هەر لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار جەختی لەوە كردەوە كە هەموو جیهان بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو بوەتەوە لە ئەنجامی دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوا و كاریگەرییە گەورەكانی بەهۆی وشكەساڵی و بە بیابانبوون، ئاماژەشی بەوەدا كە عێراق لەو بارەیەوە بەدەست كێشەیەكی گەورەوە دەناڵێنێت، هەروەها كەمی بەرچاوی باران و بەفر كاریگەری لەسەر بوارەكانی ژیان و كشتوكاڵ كردووە و ڕوونیشیكردەوە كە سەرچاوەكانی زێ و ڕووبارەكان  كە دێنە ناو عێراق لە وڵاتە درواسێكانەوەیە.

سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەدا كە عێراق لە هەوڵی پێشكەشكردنی كۆمەڵێك پێشنیاردایە بۆ لایەنی توركی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو بەمەبەستی گفتوگۆكردن و ڕێككەوتن لەسەریان و گەیشتن بە ئەنجامێكی كۆتایی بۆ جێبەجێكردنیان سەبارەت بە پشكی ئاو.

لە لای خۆیەوە،  ئۆغڵو، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك كۆمار و پێزانینی پێشنیارەكانی بەڕێزیان و ئاماژەی بەوەشكرد كە وڵاتەكەی بە پەرۆشەوەیە بۆ هەماهەنگییەكی جددی و بەرهەمدار لە دۆسیەی ئاودا بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێكی ئەرێنی كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوو وڵاتی دراوسێ بكات و جەختی لە گرنگیدان بە پێداویستییە ئاوییەكانی عێراق كردەوە.

لە كۆتایی دیدارەكەدا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی توركیا، ڕاپۆرتێكی وردی دەربارەی ئەو كار و پڕۆژانە پێشكەش كرد كە لایەنی توركی دەتوانێت لە بواری هاریكاری لەگەڵ عێراقدا ئەنجامی بدات لە بابەتی ڕووبە ڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو و بە بیابانبوون و پەرەپێدانی شێوازەكانی بەڕێوەبردنی ئاو و ئاودێری.

 

 

 

سەرپەیڤ