نیسان 29, 2024 12:00 Asia/Tehran

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و شاندی هاوڕێی ڕۆژی ڕابردوو لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیداری کرد.

لەم دیدارەدا بەپێی ئەوەی لە بەرنامەی حکومەتی محەممەد شیاع سودانیدا سەبارەت بە باشترکردنی خزمەتگوزاری و باری گوزەرانیی هاووڵاتیان لە سەرانسەری وڵاتدا هاتووە، دیارترین دۆسییەکان، پرس و ڕێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و ئاوەدان کردنەوە گفتوگۆیان لە سەر کراوە. لەم دیدارەدا هەروەها جەختیش کرا لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆی بنیاتنەر سەبارەت بە پرسە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها زۆر بابەتی سیاسیش تاوتوێ کرا، دوولایەن جەختیان کرد لەسەر گرینگایەتیی بەردەوام بوونمی هەوڵی ناوخۆیی و دەرەوەیی و چالاکیی حکومەت و بەهێزتر کردنی پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر،  کە پێویستی بە هەوڵی هەماهەنگی هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە لەو ئاراستەیەدا.

 لەم دیدارەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق گەشتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدای بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هاوبەشەکان. بارزانیش لەم دیدارەدا ڕێز و سپاسی دەربڕی بەرامبەر بە کردەوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پێداگربوونی لەسەر بەردەوامبوونی دیدار و گفتوگۆکانی لەگەڵ هێزە نیشتمانییە جۆراوجۆرەکان بە شێوەیەک کە بەهێزبوونی سەقامگیری سیاسی لە وڵاتی بە دواوە بێ.

سەرپەیڤ