جێبەجێ كرانی پلانی کۆنتڕۆڵی سنووری و گومركی لە لایەن حكومەتی عێراقەوە
حکومەت و پەرلەمانی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە سەرپێچی و زیادکردنی داهاتی نانەوتی پلانێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و گومركەکانی وڵات جێبەجێکردووە و ڕایدەگەیەنن کە ئەم پلانە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ چاکسازی داڕشتی گومرگی ئەو وڵاتە.
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەم دواییەیدا، لیژنەیەکی پەرلەمانی هەمیشەیی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان دامەزراند، هەنگاوێک بە ئامانجی زیادکردنی چاودێری سنوورەکان و زیادکردنی داهاتی حکومەت و کەمکردنەوەی سەرپێچییە دارایی و بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە چالاکییە گومرگییەکان ڕاگەیندراوە ..
غیات شەبەع پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، مەبەست لە پێکهێنانی ئەم لیژنەیە ڕێکخستنی دەروازە سنوورییەکان و دڵنیابوونە لە پێدانی تەواوی داهاتی گومرگی بۆ خەزێنەی حکومەت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خەزێنەی گشتی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی چاودێرییەکی کاریگەر لەسەر سنوورەکان. بە تەواوی پشتی بە داهاتی نەوت بەستبوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەم لیژنەیە بدرێت، دەکرێت کۆنترۆڵی هاوردەکردن توندتر بکرێت، بەر بگیردرێت بە دەستکاریکردنی فاکتورە و بڕە گومرگییەکان ، هەروەها ڕێگری لە هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە بکرێت کە زیان بە بەرهەمی ناوخۆ دەگەیەنن.
هاوکات باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی پلانی کۆنترۆڵکردنی بەندەر و دەروازەکانی عێراق ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی عێراقە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی گومرگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی، هەروەها دەستەبەرکردنی کێبڕکێی بازرگانی تەندروست.
ناوبراو وتیشی بێ گومان ئەم چاودێرییە یارمەتی ئەدات بە زۆر كردنی داهاتی نانەوتی و لە لایەكی دیكەوە دادگەری لە ڕكەبەرایەتی بازەرگانی گەرەنتی دەكات .
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە پلانەکە کرد و ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی دارایی و زیادکردنی کارایی لە کۆکردنەوەی داهات و بەهێزکردنی متمانەی سەرمایەدانەران لە ژینگەیەکی بازرگانی دادگەرانە تر دا .
محەمەد مازن، بەڕێوەبەری پڕۆژەی کۆنتڕۆڵی گومرگی عێراقیش پاڵپشتی جێبەجێکردنی ئەم پلانەی کرد و وتی: جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە داهاتی غەیرە نەوتی عێراقی زیادکردووە و بێ گومان هەموو ئەو چاکسازییە گومرگیانە لەسەر بنەمای یاسایی عێراقە و هاوتەریبن لەگەڵ پێداویستییەکانی چالاکی گومرگی و سیاسەتە ئابوورییەکانی وڵات، هەروەها ڕێگای قاچاخچێتی لە هەندێک لە دروازە سنوورییەكانی عێراق و کوردستانی عێراقیش دادەخرێت .