موقتەدا سەدر: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نیشانەی ئەوپەڕی سەرلێشێوان و پەرۆشییە
ڕابەری ڕەوتی سەدری عێراق جەختی کردووە کە ئەگەرچی هێرشی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام زۆر بچووک و بێ بایەخ تر لەوەشە کە ئیدانە بکرێت.
موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدری عێراق لە بەیاننامەیەک دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، وەڵامدانەوەکەی ئیسرائیل زۆر لاوازو دەربڕی ئاستی سەرلێشێوان و پەرۆشیی توندی ئەو ڕژێمەو لایەنگرەکانی لە ھەمبەر نەگۆڕبوونی ھەڵوێستی ئێران و بوێریی تاقمەکانی خۆڕاگری لە فەلەستین و لوبنانە بە ڕابەرایەتیی دوو شەھیدی نەمر «سەیید حەسەن نەسروڵڵا»ی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان و «یەحیا سینوار» سەرکردەی حەماس.
موقتەدا سەدر وتیشی: ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە ئەم ڕژێمە و ملھوڕییەکانی سست ترە لە ماڵی جاڵجاڵۆکەو لەو پەڕی لاوازی دایە. ھەر لێرەوە داوا لەوڵاتانی عەرەبی وئیسلامی و هەموو ئەویندارانی مرۆڤایەتی و ئاشتی دەکەین کە فشار بخەنە سەر گروپە ئیستیکبارییەکانی جیهان بۆ ڕاگرتنی قەڵاچۆی منداڵان و خەڵکی سڤیل و پەیامنێران. ھەروەھا ھەمووان دەبێ ئیسرائیل بایکۆت کەن و باڵوێزخانەکانی داخەن و ھەڵس و کەوت لەگەڵی دا بە تاوان بزانن و بڕیاری گرتنی بنیامین ناتانیاھۆ لە ئاراستەی ڕێگری کردن لە مەترسیی شەڕی جیھانی ڕاپەڕێنن.