عێراق خوازیاری دەرهێنرانی فڕۆکەخانەکان لە چوارچێوی بایکۆتەکانی ئێران بوو
حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە خەریکی دانوستانی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەمریکادا بۆ ئەوەی ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکانی خۆی لە چوارچێوی بایکۆتەکانی واشنتۆن دژ بە گەشتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئێرانی بێنێتە دەرەوە.
نووسینگەی میدیایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بەغدا لە وتووێژی لەگەڵ لایەنی ئەمریکاییدا خوازیاری ئەوە بووە کە ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لە چوارچێوی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران ببرێنە دەرەوە، بۆ ئەوەی گەشتەکان بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی مرۆیی دەست پێ ببنەوە. حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە سەفەر و گەشتی هاوپەیوەند بە دەرمان و چارەسەری، خوێندن، زیارەتی پیرۆزگەکان و هەروەها بەرژەوەندی خەڵکی مەدەنی لەو هۆکارانەن کە بەغدا سوورە لەسەر پێویستیی دەستپێکرانەوەی ئەم گەشتانە.
ئەکرەم کەعبی، بەڕێوەبەری گشتی بزووتنەوەی نوجەبا، خوازیاری ئاساییبوونەوەی گەشتەکانی نێوان ئێران و عێراق بووە و وشداری داوە کە ئەگەر ئەم مەسەلەیە چارەسەر نەکرێت، خەڵک بانگهێشت دەکات بۆ مانگرتن لە فڕۆکەخانەکانی عێراقدا. محەمەد ناجی محەمەد، سەرۆکی مەکتەب سیاسیی ڕێکخراوی بەدری عێراق، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ناڕەزایەتی دەربڕیوە لە تەسلیمبوونی بەغدا بەرامبەر بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران و ڕایگەیاندووە کە ئەم بایکۆتانە دژ بە قازانج و بەرژەوەندی و هەروەها مافی سەروەری نیشتمانی عێراقیشن.