حوزه‌یران 26, 2019 17:28 Asia/Tehran
  • مامۆستا ھاشم شاوەیسی لە ھاوکارانی لەمێژینەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کوردی تاران ماڵئاوایی لەژیان کرد

مامۆستا ھاشم شاوەیسی لە ھاوکارانی لەمێژینەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کوردیی تاران کە ساڵانێکی دوورودرێژ وەکو ئامادەکارو بەرپرسی ھەواڵ ھاوکاری ڕادیۆ کوردیی تاران بوو، ڕۆژی ڕابردوو دوای ماوەیەکی زۆر نەخۆشی ماڵئاوایی لەژیان کرد.

خوالێخۆشبوو ھاشم شاوەیسی لە ھاوکارنی لە مێژینەی ڕادیۆ کوردیی تاران و بە بنەچە سنەیی بوو کە ھەتا بەر لە ساڵی دووھەزار، یەکێک لە بەرپرسە سەرەکییەکانی بەشی ھەواڵ و ئامادەکارێکی کارامەی ڕادیۆ کوردی تاران دەھاتە ئەژمار.

مامۆستا ھاشم شاوەیسی سەرباری ئەوەی کە لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە خانەنشین کرا بوو، بەوپەڕی ماندوویی نەناسیەوە چالاکییەکانی لە بواری دوبلەی فیلیم و زنجیرە دراماکان دا بە زمانی کوردی بەردەوام دەکردو جاروباریش بەشدارییەکی شارەزایانەی لە بواری چیرۆک و شانۆی ڕادیۆیی دا ھەبوو.

گرینگترین تایبەتمەندیی خوالێخۆشبوو ھاشم شاوەیسی دڵسۆزی و سۆزداریی بەربڵاوو سیما ھەمیشە گەشاوەکەی بوو.

خوالێخۆشبوو ھاشم شاوەیسی  لەم دواییەدا کۆمەڵێک ھەڵبەستی بە دەنگە دڵنشینەکەی تۆمارو بڵاو کردەوە.

ھاوکارانی ئەو خالێخۆشبووە  ئەوپەڕی ھاودەردی و سەرەخۆشیی خۆیان بۆ بنەماڵەی ئەو ھونەرمەندە دیارەی کورد دەر دەبڕن و لە یەزدانی دڵاواش داوای ڕەحمەت و بەزەیی بۆ دەکەن.

تەرمی خوالێخۆشبوو ھاشم شاوەیسی  ھاوکاری لەمێژینەی ڕادیۆ کوردیی تاران ئەمڕۆ بەیانی گوێزرایەوە بۆ ئارامستانی بەھەشتی زارای تاران و ئەسپەردەی خاک کرا.

ڕۆحی شاد و جێگای بەھەشتی بەرین.