ته‌مووز 27, 2019 11:17 Asia/Tehran
  • بە ناساندنی هەڵبژاردەکان؛ دووهەمین فێستیڤاڵی کتێبی ساڵی کوردستان کۆتایی پێهات

دووهەمین فێستیڤاڵی کتێبی ساڵی پارێزگەی کوردستان بە ناساندنی کەسانی هەڵبژاردە و شیاوی ڕێزنان لە شاری سەقز کوتایی بە چالاکییەکانی هێنا.

 

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دووهەمین فێستیڤاڵی کتێبی ساڵی کوردستان رۆژی  (پێنج شەممە) لە هۆڵی ئیدارەی ئیرشادی شاری سەقز بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی گەشەی کتێب و کتێب خوێندنەوەی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان و فەرماندار و بەرپرسانی شاری سەقز و هونەرمەندان و نووسەران و داهێنەرانی پارێزگاکە، بە ناساندنی کەسانی هەڵبژاردە و شیاوی ڕێزنان کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا.

بە وتەی بەڕێوەبەری دووهەمین فێستیڤاڵی کتێبی ساڵی کوردستان، ئەم فێستیڤاڵە لە پێناو پاڵپشتی لە نووسەران، وەرگێڕان، داهێنەران و بڵاوکەرەوەکانی پارێزگا و بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی شوناسی فەرهەنگی بە هاوکاری ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی کوردستان، لە دووهەمین خولی کاریی خۆی پاش دوو قۆناغ داوەری ٢٢ بەرهەمی وەک بەرهەمی هەڵبژاردە و شیاوی ڕێزنان لە نێوان ٤٣٢ کتێبی بەشدار بوو لە ٤٦ بڵاوکەرەوەی پارێزگا، خەڵات کرا.

ڕەزا شەجیعی بە ئاماژە بە مەودای زەمانی ٨ ساڵە لە گەڵ یەکەم خولی ئەو فێستیڤاڵە کە لە شاری کامیاران بەڕێوە چووبوو، وتیشی: کتێبە بەشدار بووەکان بە سەر ١٢ ئایتێمدا کە بریتی بوون لە شیعر، چیرۆک و ڕۆمان، ڕەخنە و توێژینەوە، وەرگێڕانی ئەدەبی، هونەر و نژیارڤانی، مێژوو و جوگرافیا، زمانناسی و زمانی کوردی، شانۆنامە، ئایین و فەلسەفە، دەروونناسی و کۆمەڵناسی، یاسا و سیاسەت و ئەدەبی منداڵان، دابەش کران و لەمناوە ئەدەبی منداڵان زۆرترین و یاسا و سیاسەت کەمترین ئاستی بەشداریان بوو.

شەجیعی لیژنەی داوەرانی ئەم خولە لە فێستیڤاڵی کتێبی ساڵی کوردستانی بە گوێرەی خوارەوە ڕاگەیاند: سۆران حسێنی و لەیلا ساڵحی لە بەشی ئەدەبی منداڵان، د.عەبدوڵڵا لەتیفپوور و د.محەمەد ڕەحیمیان لە بەشی چیرۆک و ڕۆمان، د.محەمەد یەعقووبی و د.بەدریە قەوامی لە بەشی شیعر، د.ئەحمەد ئەحمەدیان و وریا غەفووری لە بەشی وەرگێرانی ئەدەبی، ئەمجەد غوڵامی و د.نەجمەدین جەباری لە بەشی ڕەخنە و توێژینەوە، د.زانیار نەقشبەندی و د.مەنیژە میرموکری لە بەشی زمانناسی و زمانی کوردی، د.فارس باقری و بەختیار پەنجەیی لە بەشی شانۆنامە؛ د.ئازاد فەلاحی لە بەشی یاسا و سیاسەت، د.حەمیدڕەزا ئەردەڵان و فەردین سادق‌ئەیووبی لە بەشی هونەر و نژیارڤانی، د.نەوید نەقشبەندی و د.کەیوان بولەندهیمەتان لە بەشی ئایین و فەلسەفە، د.فەرەیدوون نووری و د.محەمەد شێخ ئەحمەدی لە بەشی مێژوو و جەگرافی و د.نێعمەت عزیزی لە بەشی کۆمەڵناسی و دەروونناسی.