ڕیاڵ مەدرید و ئۆدیگارد چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی مۆدریچ دەکەن
بەرپرسانی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لە خەمی وەرزی داهاتوودان و چاوەڕێن لوکا مۆدریچ بڕیاری کۆتایی بدات، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای بڕیارەکە کار بۆ وەرزی ٢٠٢٠/٢٠٢١ بکەن.
ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرای کردووە، حاڵی حازر بەرپرسانی یانەی ڕیاڵ مەدرید بیر لە داهاتووی یانەکەیان دەکەنەوە بۆ وەرزی ٢٠٢٠/٢٠٢١ ، لەکاتێکدا یانەکانی تر سەرقاڵی لێکدانەوەی زیانەکانی ئەم وەرزەن بەهۆی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سەرچاوەکە دووپاتیکردووەتەوە، لوکا مۆدریچ تەمەنی (٣٤) ساڵە و لە هاوینی ٢٠٢١ بۆندەکەی لەگەڵ ڕیاڵ کۆتایی دێت.
لەم وەرزەدا هیچ ئۆفەرێکی نوێکردنەوەی لەلایەن سەرۆکایەتی ڕیاڵەوە پێشکەشنەکراوە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئیدارەی شاهانە فشاریان لێنەکردووە ڕوو لەیانەیەکی تر بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە لاری نەبوونیان دەربڕیوە بەرامبەر مانەوەی بۆ ماوەی وەرزێکی تر ئەگەر خۆی حەز بە بەردەوامبوون بکات.