ته‌مووز 22, 2020 14:19 Asia/Tehran
  • کێبەرکێی چوار یانەی تۆپی پێ بۆ ڕاکێشانی ئەستێرەیەکی «ریاڵ مەدرید»

میدیاکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە لە ئێستادا چوار یانە لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی «خامێس رۆدریگێز» ئەستێرەی کۆڵۆمبی و یاریزانی یانەی «ریاڵ مەدرید» بۆ ریزەکانی یانەکەیان بگوازنەوە.

وەک سەرچاوەکانی ئیسپانیا باسی دەکەن، هەریەک لە یانەکانی «مانچستەر یونایتد» و «بەنفیکا»ی پورتوگالی دوو لەو یانانەن کە هەوڵی بەبڕشتانە دەدەن بۆ گواستنەوەی «خامێس رۆدریگێز» ئەستێرەی کۆڵۆمبی و یاریزانی یانەی «ریاڵ مەدرید»، ئەمە جگە لە هەردوو یانەکەی شاری میلان کە دەیانەوێت ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی یانەکەیان بگوازنەوە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا پێشتریش رۆژنامەی «ئاس» ئاماژەی بەوە کرد بوو کە، یانەی «ریاڵ مەدرید» بەهای «خامێس»ی بە ٣٢ ملیۆن یۆرۆ دیاریی کردووە، چونکە «زیدان» ئامادە نیە پشت بە تواناکانی ئەو یاریزانە ببەستێت و دەیەوێت لە مێرکاتۆی هاوینەدا یانەکە جێبهێڵێت.

وەک دەوترێت دوای ئەوەی کە ئەو یاریزانە لە یانەی «بایرن مونیخ»ـەوە گەڕایەوە بۆ یانەی «ریاڵ مەدرید»، لە لایەن «زیدان»ەوە پشتگوێ خراو تەواوی وەرزەکەی لەسەر کورسی یەدەک بەڕێکرد و تەنها چەند خولەکێکی کەم بەشداریی کردووە،دیارە ئەمەش «خامێس»ی ناچارکردووە ھەتا ڕەزامەندی بنوێنێت بە رۆیشتنی لە یانەی شاهانە.

پێشتر ئەو یاریزانە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە خەونی منداڵیی ئەو یاریکردن بووە بۆ یانەی «مانچستەر یونایتد»، بەڵام بەهۆی گرێبەستی ریاڵەوە چوونی بۆ ئەو یانەیە رەت کردووەتەوە.

سەرپەیڤ