ئاب 17, 2020 13:00 Asia/Tehran
  • یانەى لیۆنى فەڕەنسى گەیشتە قۆناغى نیوەى کۆتایى پاڵەوانێتی یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا

یانەى ئۆلۆمپیک لیۆن توانى دواى ١٠ ساڵ سەرکەوێت بۆ قۆناغى نیوەى کۆتایى پاڵەوانێتییەکە و رووبەڕووى بایەرن مونیخی ئەڵمانى ببێتەوە.

 

یانەى ئۆلۆمپیک لیۆنى فەڕەنسى بە بردنەوەى بە ئەنجامى ٣-١ لە یانەى مانچستەر سیتى ئینگلیزى بووە چوارەم یانەى سەرکەوتوو بۆ چوارگۆشەى زێڕینى پاڵەوانێتى یانە پاڵەوانەکانى تۆپى پێى ئەورووپا.

سەرکەوتنى دوایین یانە بۆ قۆناغى نیوەى کۆتایى لە گرنگترین خولى تۆپى پێى ئەورووپا لە یارییەکەى نێوان ئۆلۆمپیک لیۆن و مانچستەر سیتى دیاریی کرا.

لەو یارییەى کە لە یاریگاى جۆزێ ئالڤالاد لە شارى لشبۆنەى پایتەختى پورتوگال بەڕێوەچوو، ماکسوێل کۆرنێت توانى لە خولەکى ٢٤دا، گۆڵى پێشەنگ بۆ یانەى لیۆن تۆمار بکات.

لە دواى ئەو گۆڵە تیپەکەى پێپ گواردیۆلا هەموو هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ یەکسانکردنەوەى ئەنجامەکە تا لە خولەکى ٦٩دا، دى برۆین لەڕێگەى پاسێکى رەحیم ستەرلینگ-ەوە توانى تۆڕى یانە فەڕەنسیەکە بهەژێنێت و گۆڵى یەکسانبوون تۆمار بکات.

خۆشییەکانى یانە ئینگلیزییەکە هەر ١٠ خولەکى خایاند، کاتێک لیۆنلو دیمبلى لە خولەکى ٧٩دا، هەڵەیەکى بەرگریکارى مانسیتى قۆستەوە و دووبارە گۆڵى پێشەنگى بۆ لیۆن تۆمار کرد.

لە خولەکى ٨٧ى یارییەکەدا، جارێکى دیکە دیمبلى هاتەوە سەر شانۆ کاتێکى ستەرلینگ کە بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر نەیتوانى تۆپ بخاتە ناو گۆڵێکى بەتاڵەوە و دروستبوونى دژە هێرشێکى خێرا توانى گۆڵى دووەمى خۆى سێیەم و سەرکەوتن بۆ یانەکەى تۆماربکات.

بەم ئەنجامەیش یانەى ئۆلۆمپیک لیۆن توانى دواى ١٠ ساڵ سەرکەوێت بۆ قۆناغى نیوەى کۆتایى پاڵەوانێتییەکە و رووبەڕووى بایەرن مونیخی ئەڵمانى ببێتەوە.

یارییەکانى قۆناغى نیوەى کۆتایى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەورووپا لە ١٨ و١٩ى ئاب و یاریى کۆتایىش لە ٢٣ى ئابدا، بەڕێوەدەچێت.

سەرپەیڤ