فێستیڤاڵی گەلاوێژ ی ئەمساڵ ئۆنلاین دەبێت
ئەمساڵ فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەکاتی خۆیداو بە ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت، سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵەکەش ئاشکرایکرد، گۆڕانکاری لە سەرجەم کارنامە و شێوازی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە کراوە.
مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، "فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، بەڵام سەراپای بەرنامەی کار و شێوازی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە گۆڕاوە".
سەبارەت بە جۆری گۆڕانکارییەکان مەلا بەختیار وتی، "گۆڕانکاری لە بانگهێشتکردنی میوانەکان کراوە، گۆڕانکاری لە شێواز و شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە کراوە و بە ئۆنلاین دەبێت".
سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە کاری تەکنیکی زۆر باشمان کردووە، هۆڵێکمان بۆ گرتووە دیزاینی ئێجگار نایابمان بۆ کردووە کە بگونجێت لەگەڵ سیستمی ئۆنلاین و دنیای سۆشیال میدیا".
بڕیارە 23ەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئەیلول لەژێر ناونیشانی "ئاسۆ دەدرەوشێتەوە" کارەکانی دەستپێبکات و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.