کانونی یه‌که‌م 02, 2020 13:30 Asia/Tehran
  • کۆلۆمبیا «کەیرۆش»ی گەورەڕاھێنی خۆی وەلا نا

«کارلۆس کەیرۆش» لە پۆستەکەی وەکو گەورەڕاھێنی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی کۆلۆمبیا وەلانرا.

سەرەنجام دوای گریمانەی زۆر، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆلۆمبیا لە بەیاننامەیەک دا بە شێوەی فەرمی ڕایگەیاند کە «کارلۆس کەیرۆش» لە سەرپەرشتی کردنی تیپی تۆپی پێی ئەم وڵاتە وەلانراوە.

ئەو دەرەنجامە کزەی کە کۆلۆمبیا لە ڕێبازی ھەڵکشان بەرەو مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر مسۆگەری کرد، بووە ھۆی ئەوەی کە لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە ھێندێک گریمانە لەبارەی ھەگەری وەدەرنرانی «کەیرۆش» بێتە ئاراوە.

کۆلۆمبیا لە دوو یاریی خۆی دا سێ بە سیفر لە بەرامبەر ئۆرۆگۆئێ دۆڕا کە خراپترین شکست ھێنانی مێژووی ئەم وڵاتە بوو لە ماڵی خۆی داو ئینجا شەش بە یەک لە بەرامبەر ئێکوادۆر بەزی کە ئەمەش خراپترین بەزینی ئەم تیپە بووە لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا.

کۆلۆمبیا لە ئێستادا لە نێو دە تیپی بەشداری کێبەرکێی ھەڵبژاردنی مۆندیاڵ لە ناوچەی ئەمریکای باشووری، پلەی حەوتەمی مسۆگەر کردووەو لە کێبەرکێکانی دواتریشی دەبێ خاکەلێوەی ١٤٠٠ی کۆچیی ھەتاوی بۆ برازیل بچێتە مەیدانەوە.

«کەیرۆش» کە ھەشت ساڵی ڕەبەق ڕاھێنەری تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی ئێران بوو، لە ساڵی ٢٠١٩  بە تیپی نیشتیمانیی کۆلۆمبیاوە پەیوەست بوو، کەچی وادیارە مانەوەی لەو تیپەدا ھێندەی نەخایاندووە.

سەرپەیڤ