کانونی یه‌که‌م 05, 2021 11:56 Asia/Tehran
  • یانەی وەرزشیی هەولێر : ئاڵای عێراق نەدڕێنراوە

یانەی وەرزشیی هەولێر لە ڕاگەیانراوێکدا ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە ئاڵای عێراق لە یاریگەکە دڕێنرابێت.

یانەی وەرزشیی ھەولێر شەممە ڕایگەیاند: دوای سەرکەوتنی یانەی هەولێر لە یاری رۆژی شەممە بەرامبەر بە یانەی شوڕتە لە قۆناخی 16ـی جامی عێراق، لەگەڵ ئەوەی ئێمە وەک یانەی هەولێر و دەستەی هاندەرانمان بە جوانترین شێوە لە پێشوازییان بووین، بەڵام بەداخەوە هاندەرانی یانەی میوان بەرگەی دۆڕانەکەیان نەگرت و لە خۆشی هاندەرانی یانەی هەولێریان کەمکردەوە و هەڵسان بە شکاندنی ژمارەیەکی زۆر لە کورسییەکانی یاریگەی فڕەنسۆ هەریری.

هەروەها ڕایگەیاند: بەداخەوە هەندێک لە ڕاگەیاندنکاران و جەماوەری یانەی شوڕتە، دەیانەوێ بابەتەکە بەلاڕێدا ببەن گوایە ئاڵای عێڕاق لە یاریگە دڕاوە، ئێمە وەک یانەی هەولێر بە هەموو شێوەیەک ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە و ئەمە زۆر دوورە لە ڕاستی.

جێی باسە  دوێنێ  شەممە لە جامی عێراقدا یاری نێوان یانەی هەولێر و شوڕتە بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا یانەی هەولێر بە لێدانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنی بەسەر یانەی شوڕتە بەدەستهێنا و توانی بگاتە قۆناغی هەشتەم، ئەمەش بووە هۆی تووڕەکردنی هاندەران و لە ئەنجامدا گرژی لێکەوتەوە.  

سەرپەیڤ