کاتی بەڕێوەچوونی چەند یاری گرنگی ئەمڕۆی یانەکانی ئەوروپا
بەهۆی کۆرۆناوە چوار یاریی خولی ئینگلتەرا ڕاگیراون و لە ئیسپانیا یاریی لوتکە لە نێوان ئیشبیلیە و ئەتلەتیکۆ مەدرید دەکرێت، لە ئیتاڵیاش ڕۆما دەبێتە میوانی ئاتالانتا.
ئەمڕۆ لە خولی ئینگلتەرا چوار یاریی بەهۆی بڵاوبونەوەی شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆناوە، دواخراون.
هەریەک لە یارییەکانی مانچستەر یونایتد و برایتۆن، ساوسهامپتۆن و برینتفۆرد، وێستهام و نۆرویچ سیتی، واتفۆرد و کریستاڵ پاڵاس دواخراون.
یارییە بەهێزەکەی نێوان لیدز یونایتد و ئارسناڵیش کاتژمێر 8:30 خولەک بەڕێوەدەچێت.
لەخولی ئیسپانیا تا ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە هیچ یارییەک دوانەخراوە، یانەی بەرشلۆنە کاتژمێر 8:30 خولەک لە ناو کامپ نو میوانداریی ئێلچی دەکات.
بەرشلۆنە لە پلەی هەشتەمی ڕیزبەندی دەبینرێت و ئێلچیش لە پلەی شانزەیەمی ڕیزبەندیدایە.
پێش یارییەکە چاڤی ڕاهێنەری بەرشلۆنە وتی، “ئامانجی سەرەکیمان سێ خاڵی یارییەکەی ئیلچییە”.
کاتژمێر 11:00ی شەویش، ئیشبیلیەی دووەمی ڕیزبەندی لەناو یاریگای خۆی میوانداری ئەتلەتیکۆ مەدریدی چوارەمی ڕیزبەندی دەکات.
لە خولی ئیتاڵیا سێ یاریی دەکرێن، بەهێزترینیان لە نێوان ئاتالانتای سێیەمی ڕیزبەندی و ڕۆمای شەشەمی ڕیزبەندی بەڕێوەدەچێت.
یارییەکە کاتژمێر 5:00ی ئێوارە دەکرێت.
کاتژمێر 8:00ی شەویش هەردوو یانەی بۆلۆنیا و یوڤانتۆس ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە.
بۆلۆنیا لە پلەی دەیەمدایە و یوڤانتۆسیش لە پلەی حەوتەمی ڕیزبەندیی خولی ئیتاڵیا دەبینرێت.
لە ئەڵمانیا یەک یاریی بەهێز هەیە، ئەویش کاتژمێر 8:30 خولەک لە نێوان هێرتابەرلین و بوروسیا دۆرتمۆند دەبێت.
هێرتابەرلین شەڕی مانەوە لە خولی ئەڵمانیا دەکات و دۆرتمۆندیش دەیەوێت لە ڕکابەریی بایرن میونشن دوانەکەوێت.