خۆری ژیانی پەرتەو کرماشانی لە پڕتەو کەوت
شاعیری ناودار و دیاری کورد ، پەرتەو کرماشانی لە تەمەنی 90 ساڵی دا ماڵاوایی لە ژیان کرد .
"عەلی ئەشرەف نۆبەتی" ناسراو بە "پەرتەو کرماشانی " شەشی رێبەندانی 1310 ی هەتاوی هاتە سەر دونیا و ئێوارەی چواری رێبەندانیش کۆچی دوایی کرد .
ئەم شاعیرە ناسراوە بە هەردوو زمانی فارسی و کوردی شێعر و هۆنراوەی جوان و نەمری هەن و زۆرێک لە هۆنراوەکانی لەسەر زمانی خەڵکن .
باپیرەی ( لە ماڵی باوکیەوە ) لە خەڵکانی بەختیاریی بوو کە ساڵی 1833 ی زایینی کۆچیان پێکرا بۆ کرماشان . ئەو شاعیرە زمانی کوردی لە باپیرەی(لە ماڵی دایکیەوە) فێربوو.
کۆمەڵە شێعری پەرتەو کرماشانی بە ناوی کوچەباغیەکان ساڵی 1377 ی هەتاوی چاپکرا ، کە زۆربەی هۆنراوەکانی بە شێوازی کلاسیک و بە زمانی فارسین بەڵام چەند غەزەلی کوردییش لە کۆتایی پەڕتووکەکە چاپکراون کە وەختی خۆی وەک نمونەی هەڵکەوتەی شێعری کوردیی کرماشانی سەرنجیان پێدرا .
سەبارەت بە شێعر و هۆنراوەی پەرتەوی کرماشانی چەندین کتێب و وتار ئامادە کراون کە لەوان دەتوانین ئاماژە بکەین بە سوڵتانی ، سەها ، نامەکان ، نووسراوەکان و ئاوڕێک لە سەربوردە و بەرهەمەکانی پەرتەو کرماشانی .
غەزەلی ئەرمەنی کە لە لایەن چەند هونەرمەندی گۆرانی بێژی کوردیشەوە کراوە بە گۆرانی ، لە بەرهەمەکانی ئەوە .
پەرتەو کرماشانی ساڵی 1398 ی هەتاوی لە کۆنگرەی ناودارانی کورد ، وەک ناودارێکی کورد رێزی لێگرا.