کــهم بــوش بچم دیره ، لــهی شورشور وارانـه / یــه شەو بــمینــه لامــان ، مــهر ئیره بیــاوانــه
پەرتەوی کرماشانی شاعیری ھەست ناسک و دانەری شیعرەکانی «ئەرمەنی» و «واران» لە شەوێکی بارانی دا ماڵئاوایی لە ژیان کردو لە لامان نەمایەوە.
دوکتور محەممەد عەلی سوڵتانی :
مامۆستا«عەلی ئەشرەف نەوبەتی» ناسراو بە «پەرتەوی کرماشانی» شاعیری ھەڵکەوتەی بناری چیا سەرکەشەکانی پەڕاوو بێستوون کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی ھۆنراوەی دادەنا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە چوارەمی ڕێبەندان لە شەوێکی شەختە بەستووی زستان دا بە ئەسپایی بە تەنیشتی چۆمی ڕازاوەردا شوێن پێی چۆڵەوانیی ھەڵگرت و ماڵئاوایی لەژیان کرد.
کۆمەڵە ھەڵبەستەکانی «پەرتەوی کرماشانی» بە ناوی «کوچە باغی ھا» لە ساڵی ١٣٧٧ لەچاپ درا. زۆربەی ھەڵبەستەکانی ئەم دیوانەی بە شێوازی کلاسیک و بە زمانی فارسین، بەڵام چەندین غەزەڵ و ھۆنراوەی کوردیشی بە زاراوەی کەڵھوڕی تیادایە کە لە کاتی بڵاو بوونەوەیاندا وەکوو نمونەیەکی ھەڵکەوتەی ھەڵبەستی کوردیی کەڵھوڕی چاویان لێ کرا.
غەزەڵی ئەرمەنییەکەی مامۆستا پەرتەو ناودارترین ھۆنراوەی بە زمانی کوردییە کە ھەتا ئێستا چەندین جار کراوە بە گۆرانی و بە دەنگی گۆرانی بێژە جۆربەجۆرەکان وتراوەتەوە.
لە ئێستاش دا زایەڵەی دەنگە زوڵاڵەکەی بە نێو کوچەوکۆڵانەکانی کرماشانەکەی شیرین و فەرھاد دەگاتە گوێ کە چلۆن لە ناخی دڵەوە ھاوار دەکات:
پشتم له بار دەرد و غەم شکیا نیەزانم چوێ بـکەم
دەردم یـەسـه وە ماڵ خـوەم بی خانمانم ئـەرمـەنی
ڕۆحی شاد