شوبات 02, 2022 14:18 Asia/Tehran
  • ڕاھێنەری تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی سووریا وەدەر نرا

دەرەنجامی لاوازی تیپی نیشتیمانیی سووریا لە قۆناغی بەرایی مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر بووە ھۆی ئەوەی کە بەرپرسانی وەرزشی ئەم وڵاتە ڕاھێنەر ڕۆمانیاییەکەی تیپەکەیان وەدەر بنێن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی سووریا کە لە گروپی « A»ی کێبەرکێی بەرایی مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر لە کیشوەری ئاسیا لەگەڵ تیپەکانی ئێران، کۆریای باشوری، ئیمارات، لوبنان و عێراق ھاوگروپ بوو لە ھەشت یاری دا تەنیا دوو خاڵی مسۆگەر کردو بەمجۆرە کەوتە بن خشتەی ڕیزبەندیی ئەم گروپەوە. جڵەوکێشی تیپی نیشتیمانیی سووریا «تیتا والریۆ»ی ڕۆمانیایی بوو کە خۆی جێگای «مەحروس»ی گرتبووەوە.

«مەحروس»یش خەزەڵوەری ئەمساڵ دوای دۆڕانی سێ بە سیفر لە بەرامبەر ئێراندا وەلا نرا بوو. ئەم تیپە تەنیا دوو یەکسانی لە بەرامبەر تیپەکانی عێراق و ئیمارات دەست کەوت بوو.

دەرەنجامە لاوازەکەی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی سووریاو کەوتنی وەبن خشتەی ڕیزبەندیەکانەوە بووە ھۆی ئەوەی کە کە بەرپرسانی وەرزشی ئەم وڵاتە ڕاھێنەر ڕۆمانیاییەکەی تیپەکەیان وەدەر بنێن.

 

سەرپەیڤ