تشرینی دووه‌م 06, 2022 09:57 Asia/Tehran
  • خوێندکارێکی کورد خەڵاتی زیوی ئۆلەمپیادی خوێندکاریی ئێرانی بردەوە

سەرۆکی زانکۆی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند: خوێندکارێکی بواری زانستی پەروەردەی ئەم زانکۆیە، میدالیای زیوی وەرگرت و دوو خوێندکاری دیکەش لە پلەی ١٢ و ١٤ دا وەستان.

«ڕەحمەت سادقی» ڕۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری ئیرنا وتی: «سەیران مەعروفی» خوێندکاری بواری زانستی پەروەردەی ئەم زانکۆیە، میدالیای زیوی بیست و حەوتەمین ئۆلەمپیادی زانستی خوێندکارانی وڵاتی بردەوەو هەروەها «ئێلناز مەندامی» لە بواری جوگرافیا پلەی دوانزەھەم و «شوعەیب وەیسی»ش لە بواری زانستە پەروەردەییەکان پلەی چواردەھەمی ئەم ئۆڵۆمپیادەیان بەدەست هێنا.

ئۆڵەمپیادی زانستی خوێندکارانی وڵات ساڵانە بە دوو قۆناغی ناوەندی و لاوەکی لەلایەن ڕێکخراوی هەڵسەنگاندنی پەروەردەی وڵاتەوە بەڕێوەدەچێت و لە ئێستاش دا تاقیکردنەوەی قۆناغی کۆتایی خولی ٢٧ی ئۆڵەمپیادی زانستی خوێندکاران لە دە زانکۆی وڵات دا بەڕێوە چووە.

زانکۆی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٣ وەک زانستگەیەکی باڵای سنە، سەر بە زانکۆی پەروەردەی مامۆستایانی تاران دەستی بە کارەکانی کردووە و پاشان بووە بە یەکێک لە لقەکانی زانکۆی «ڕازی»ی کرماشان و لە ساڵی ١٣٧٠ دا وەزارەتی زانست و توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای ئێران، ئەم ناوەندەی خوێندنی باڵای وەک «زانکۆی کوردستان» بە فەرمی ناسی.

ئەم زانکۆیە بە وەرگرتنی زیاتر لە ٦٠٠ خوێندکاری بیانی توانیویەتی لە بواری نێودەوڵەتیش دا قسەی بۆ وتن پێ بێت.

سەرپەیڤ