کانونی دوھەم 20, 2023 19:41 Asia/Tehran
  • بەشداریی کورتە فیلمێکی ئێرانی لە بەشی کێبەرکێی نێونەتەوەیی فێستیڤاڵی ڤەنزوئیلا

کۆمیدیای ڕەشی «چەقۆ، شوکولاتە» لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری ئێرانی «هوشمەند وەرعی» ڕێی لە بەشی کێبەرکێی نێونەتەوەیی هەشتەمین فێستیڤاڵی «فیکمارک»ی ڤەنزوئیلا کەوت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «کامەران ڕەزایی» سەرۆکی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی کرماشان لە ڕۆژاوای ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند: «چەقۆ، شوکولاتە» چێکراوی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی  و بەرهەمی قوتابخانەی فیلمی نوێی مەوج، فیلمێکە کە هەڵاواردنی جینسی پیشان دەدات، کە دەبێتە ھۆی ھەڵدێران و  کۆتایی هاتنی بنەماڵەیەکی لە ڕێگا ترازاو.

«ڕەزایی» وێڕای ئاماژە کردن بەوەی «وەرعی» لە چوارچێوەی فیلمەکانی پێشوویدا، لە گۆشەنیگایەکی نوێوە ئاوڕ لە ئافرەتانی قوربانی دەداتەوە، دەشڵێت: ئەم دەرھێنەرەی سینەما دوای کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئایدز، ڕەوشت نزمی، خیانەت و ئافرەتانی نەزۆک، ئەمجارەیان بە «چەقۆ، شوکولاتە» چەمک گەلێکی وەک دەمارگرژی و توندوتیژی ڕووبەڕووی چالێنچ دەکاتەوە.

«هۆشمەند وەرعی» دیپلۆمی شانازیی بۆ باشترین کورتە فیلمی ئەزمونیی ئێران لە بیست و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بەدەستهێنا و پێشتریش لە بەشی کێبەرکێی زۆرێک لە فێستیڤاڵە نێونەتەوەییەکان، لەوانە میلانۆی ئیتالیا، سەن پترزبۆرگی ڕووسیا، بەلگرادی سیربستان، زوریخی سویسرا و ئەستەمۆڵی تورکیا، نایرۆبی کینیا و مۆمبای هیندستان بەشداریی کردبوو.

سەرپەیڤ