پەلاماری ئاسمانیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە، شەش فەلەستینی لە ئۆردوگای ئەنەسیرات شەهید بوون
ژێدەرە هەواڵییەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بە ڕاگەیاندنی دەسپێبوونەوەی پەلاماری قورسی ئاسمانیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرکانی کەرتی غەززە، باسی شەهید بوونی شەش فەلەستینییان کرد لە ئۆردوگای ئەنەسیرات هەڵکەوتوو لە ناوەڕاستی ئەم کەرتە.
فڕۆکەکانی ڕژێمی زایۆنی دەستیان دایە بۆردومانی قورسی شەقامی سەڵاحەدین هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەسیرات.
سوپای ڕژێمی زایۆنی هەروەها باڵاخانەی ئەزەهارنەی لە گەڕەکی نەسر و ئۆردوگای ئەلبەریجی لە کەرتی غەززە دایە بەر پەلامار. فڕۆکەکانی ڕژێمی زایۆنی چەندین جار دەستیان دایە بۆردومانی گەڕەکی زەیتوون لە ڕۆژهەڵاتی غەززە و ژێنێراتۆرەکانی نەخۆشخانەی شیفایان دایە بەر هێرش. فڕۆکەجەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی پەنێلە هەتاوییەکانی سەربانی ماڵەکان و بینا بازرگانییەکانیانی دەوروبەری نەخۆشخانەی شیفایان لە غەززە کوتا کە بە هۆی ئەو پەلامارەوە دەیان فەلەستینی بریندار بوون و گوێزرانەوە بۆ نێو ئەم نەخۆشخانەیە. ئەم پەلامارە ئاسمانییە بۆ کوتانی کاروانی هەڵگری بریندارانی فەلەستینی بوو کە دەگوازرانەوە بۆ دەروازەی ڕەفەح.
شایانی باسە ئاماری شەهیدانی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە تا ئێستا گەیشتۆتە ٩٢٥٧ کەس کە ٣٨٢٦ کەسیان منداڵ و ٢٤٠٥ کەسیشیان ژنن و ژماری بریندارانیش بە ٢٣٥١٦ کەس تۆمار کراوە.